رۆژنامەی ھەولێر

ئایە پەكەكە تا كۆتایی ساڵ چەك دادەنێت؟

كارزان گلی – هە‌ولێر

حكوومەتی توركیا داكۆكی دەكات، بەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ، پەكەكە بەتەواوی چەك دادەنێت، بەڵام وتەبێژی دەم پارتی قسەیەكی تر دەكات و ئەو بەروارە رەتدەكاتەوە.

پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، كە توركیا ناوی (توركیای بێتیرۆر)ی لێناوە، لەناو پەرلەمانی توركیا بەكۆی دەنگی پەرلەمانتاران تێپەڕی، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئەو ١٢ مادەیەی لەناو ئەو پڕۆژەیاسایەدا هەبوو جێبەجێ نەكراوە، ئەمەش چەكدانانی پەكەكەی خاو كردووە.
تونجەل بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، لەدیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (خەڵك تی ڤی)، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ٢٧ی ١١ی ٢٠٢٦دا، پەكەكە بەتەواوی چەك دادەنێت.
بەڵام گوڵستان كۆچیەغیت، سەرۆكی فڕاكسیۆنی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا، دەڵێت هیچ وادەیەك بۆ چەكدانانی پەكەكە دیاری نەكراوە، چونكە توركیا ئەو مادانەی دەنگی لەسەر دراوە جێبەجێی نەكردووە، بەتایبەت بینینی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە.
گوڵستان دەڵێت: ”ناتوانم بێڵم مانگێكی تر یان دوو مانگی تر پەكەكە چەك دادەنێت، چونكە مەرجەكانی چەكدانان لەلایەن دەوڵەتی توركیا جێبەجێ نەكراوە. تاوەكوو ئێستا رێگە نادەن رۆژنامەنووس و چالاكوان و سیاسییەكان سەردانی ئۆجەلان بكەن، ئەمەش ناكرێت و دەبێت ئۆجەلان بەشێوەیەك رۆڵی پێبدرێت بۆ خۆی سەرپەرشتی چەكدانانی پەكەكە بكات.“
چەند رۆژێك بەر لەئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، لەئیمیڕاڵی ڤیلایەك بۆ ئۆجەلان دەبین كراوە و ئیدی دەچێتە ئەو ڤیلایە و شوێنی دەگۆڕن، ئەمە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەش دووپاتی كردەوە، بەڵام گوڵستان ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت تاوەكوو ئێستا ئۆجەلان شوێنی نەگۆڕاوە و لەشوێنی خۆیەتی.
بەگوێرەی ئەو ١٢ مادەیەی پرسی چارەسەری و چەكدانانی پەكەكە بێت، دەبوایە هەموو ئەو زیندانە سیاسییانەی دەستیان لە كوشتن و تیرۆر نەبووە و دوای ٢٠٠٥ دەستگیر كراون ئازاد بكرێن، بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەت هەنگاوی بۆ ئازادبوونی ئەوان نەناوە، ئەمەش بەلای گۆڵستانەوە جێی پرسیارە دەڵێت پێویستە حكوومەت بەپەلە ئەو دەستگیراوانە ئازاد بكات، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن و باری تەندروستیان ناجێگیرە.
لەبارەی ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە، كە زیاتر لە ١٠ ساڵە زیندانی كراون، گوڵستان دەڵێت: ”پرسی دەمیرتاش و یوكسەكداغ، پەیوەندی بەپرسی چارەسەرییەوە نییە، چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سێجار داوای لەتوركیا كردووە ئەو كەسایەتییە ئازاد بكات و دەبێت ئازادیان بكات، ئەمە نابێت ببەسترێتەوە بەپڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەرییەوە.“
هەرچەندی حكوومەتی توركیا و نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بڵێن تا كۆتایی ساڵ پەكەكە چەك دادەنێت، بەڵام لەلایەن پەكەكەوە تاكە مەرجی چەكدانان جێبەجێكردنی ئەو ١٢ مادەیە نییە، بەڵكوو بەڕوونی دەڵێن پێویستە ئۆجەلان بۆ خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی چەكدانانی بكات، چونكە بەبێ بینینی ئۆجەلان ئەو پڕۆسەیە سەرناگرێت.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی (كەجەكە) دەڵێت: ”زیاتر لە ٨٠٪ی گەریلای پەكەكە، تەنیا لەپێناو ئازادیی فەرمیی عەبدوڵا ئۆجەلان چوونەتە شاخ، بۆیە تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت و بەشێوەیەكی یاسایی سەرپەرشتی پڕۆسەكە نەكات، شتێك بەناوی چەكدانان یان چۆڵكردنی قەندیل بوونی نابێت.“