سلێمان تاشان – هەولێر
یەکێک لە خراپترین کاریگەرییەکانی دەستکاریکردنی بەهای دراوی فەرمیی عێراق و دابەزاندنی بەهاکەی بەرانبەر دۆلار بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و قورسکردنی باری خەرجییەکانی خەڵک.
لە حەوتی ئەم مانگە بە بڕیاری بانکی ناوەندی نرخی فەرمیی دۆلار کرایە هەزار و پێنجسەد دینار بۆ بانکەکان هەزار و پێنجسەد و دە دینار و بۆ بازرگانان و هەزار و پێنجسەد و بیست دینار بۆ هاووڵاتییان . بەواتای بازاڕ هەر سەد دۆلار لە نێوان سەد و پەنجا تا سەد و پەنجا و دوو هەزار دینار دیاری کرا.
ئەم گۆڕانکارییە لە بەهای فەرمی ڕاستەوخۆ نرخی دیناری بازرگانی دابەزاند، لە هەولێر تەنانەت سەد و حەفتا و سێ هەزار دیناریشی تۆمار کرد بەڵام دوای دوو ڕۆژ کەمێک بەهای بۆ گەڕایەوە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە خوارووی سەد و شەست و پێنج هەزار دینار مامەڵە دەکرێت.
هاوکێشە بیرکاری و ئابوورییەکان پێمان دەڵێن ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە و نرخی شتومەک لە دە تا دوازدە لەسەدا بەرز دەکاتەوە.
ئەمە بەو واتایە نییە کە هەر لە ئێستاوە بە هەمان ڕێژە نرخەکان بەرز ببنەوە چونکە هەموو ئەو کەل و پەل و پێداویستییانەی ئێستا لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن بە دۆلاری سەد و پەنجا و یەک هەزار دینار نەکڕدراون بەڵکوو بە سەد و سی و یەک هەزار دینار کڕدراون. کۆگەکان پڕن و چەندین مانگی دێکەی پێدەچێت تا لە بازاڕەکان ساخ بکرێنەوە.
بەڵام لەوانەیە بازرگانی چاوچنۆک هەبێت خێرا هەلەکە بقۆزێتەوە و نرخەکان گران بکات بەڵام ئەمە کارێکی نایاساییە و بۆیەش ئەرکی دامەزراوە و لێژنەکانی چاودێری بازاڕە ڕێگری لە گرانبوونی شتومەک بکەن و سەرپیچکاران سزا بدەن بۆ ئەوەی نرخەکان جێگیر بن و ئەگەر قەراریشە بە ڕێژەیەک بەرز ببنەوە لە مانگەکانی داهاتوو و بە هێمنی ئەو بەرزبوونەوەیە ڕوو بدات.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاستی پارێزگا و قایمقامیەتی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ڕێکاری گونجاو بۆ چاودێریکردنی بازاڕ گیراوەتە بەر و ئەوانە سزا دەدرێن کە نرخ بەرز دەکەنەوە.
هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە بەرزکردنەوەی نرخ ئەو کاتە ئاساییە کە بازرگان بە نرخی نوێی دۆلار شتومەک هاوردە دەکات و بۆیەش کاتێک قازانجی دەخاتە سەر نرخەکەی بە ڕێژەیەک لە چاو پێشوو گرانتر لەسەر هاووڵاتییان دەوەستێت.
لە ئاستی پەرلەمانی عێراقیش هەوڵێک هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک لە ژێر ناوی یاسای دامەزراوەی خۆراک و دەرمان بۆ ڕێگریکردن لە گرانیی و شاردنەوەی کاڵا.
حامید مووسەوی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ ئەرکی پەرلەمانتارانە هەر چی زووە یاساکە لە پەرلەمان تێپەڕێنن بۆ ئەوەی بە یاسا ڕێگری لە گرانبوونی شت بکرێت. ئەو پێی وایە هەبوونی دامەزراوە یان ڕێکخراوێکی تایبەت بە دەرمان و خۆراک ئەرکەکانی چاودێری زۆر ئاسان دەکات و دەتوانێت سەرپێچکاران بە خێرایی بدۆزرێنەوە و کۆنترۆڵی بازاڕ و نرخەکان بکرێت.
حکوومەتی زەیدی بەڵێنی بە هاووڵاتییان داوە دۆلاری زیاتر بڕژێنێتە بازاڕەکان و پێداویستییەکانی بازاڕ بە دۆلار دابین بکات و ئەگەر بتوانێت لەم هەنگاوەیدا سەرکەوتوو بێت ئەوا گوشارەکان بۆ سەر کەمتر دەبن.
عێراق وڵاتێکی بەکاربەرە و زۆربەی پێویستییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن کە بە دۆلار دەکڕدرێن و کاتێک بەهای دۆلار بەرزتر بێت ئەوا خەڵک ناچارن دیناری زیاتر بە کاڵاکە بدەن و هەر ئەو هۆکارەش هەڵاوسان و گرانتربوونی نرخی شتومەکی لێدەکەوێتەوە.

