رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی (بێستانە – خەلەکان – دووکان) بەڕێژەی 40% تەواو کراوە

بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی (بێستانە – خەلەکان – دووکان) بەردەوامە.

پڕۆژەکە ڕێگەیەکی یەکسایدی پڕمەترسی بۆ ڕێگەیەکی دووسایدی مۆدێرن دەگۆڕێت و بە تەواوبوونیشی، ڕێگەی نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بەتەواوی دەبێتە دووساید.

ئێستا کارەکانی پڕۆژەکە بە سەدان ئامێر و بە پشتبەستن بە دەستی کاری ناوخۆیی بەچڕی بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی 40%ـی پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی تەواو کراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا، 11 کیلۆمەتر ڕێگە لەنێوان بێستانە بۆ خەلەکان بەتەواوی قیڕتاو کراوە و بە ڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.

هاوکات لە 15 کیلۆمەتری دیکەی سنووری خەلەکان کاری چڕ بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتاییی ئەمساڵ تەواو بکرێت، هەروەها لە 12 کیلۆمەتری نێوان خەلەکان و دووکانیش کاری بڕین و پڕکردنەوە بەردەوامە.

بەپێی پلان و نەخشەی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، قەبارەی کارەکان لە چەندین بڕگەی سەرەکیی پێک دێن، کە بریتین لە:

* 840,000 مەتر چوارگۆشە قیڕتاوکردنی ڕێگاکە.

* 2,500,000 مەتر چوارگۆشە کاری بڕین.

* 300,000 مەتر چوارگۆشە پڕکردنەوە بە بەردی شکاو.

* بەکارهێنانی 800,000 مەتر چوارگۆشە تێکەڵەڕێژ.

* دروستکردنی 2000 مەتر ئاوبەر.

یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی دیکەی ئەم پڕۆژەیە، دروستکردنی پردی گوندی فڕیزەڵەیە، کە بە درێژیی 380 مەتر و پانیی 15 مەتر لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا دروست دەکرێت، کە دەبێتە هۆی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە.