رۆژنامەی ھەولێر

٢٠٢٨؛ ساڵی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا

كارزان گلی – هە‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند، پێویستە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە بۆ هەڵبژاردن و داواشی لە پەرلەمانی توركیا كرد بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.

باخچەلی، لە وتارێكدا لە پەرلەمانی توركیا، داوای لە پەرلەمان كرد بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بدات، هەروەها ٢٠٢٨ی دیاری كرد بۆ هەڵبژاردن. باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
باخچەلی گوتی: ”ئەگەر بێت و سەركۆمار بەگونجاوی بزانێت، كە بۆ توركیا و ناوچەكەش خێری تێدایە، وەكوو هاوپەیمانیی كۆماری، بۆ جاری سێیەم ئەردۆغان دەكەینەوە بە بەربژێر.“
باخچەلی لەدرێژەی وتارەكەیدا، داوای لەپەرلەمانی توركیا كرد بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت ببێتەوە بە بەربژێر، پێویستە توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و ٢٠٢٨یش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی بەگونجاو زانی.
باخچەلی باسی لە مادەی ١١٦ی دەستووری توركیا كرد، لەو مادەیەدا باس لەوە كراوە، دەبێت لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتاری توركیا، ٣٦٠ پەرلەمانتار دەنگ بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بدەن و توركیا ببەن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات خولی دووەم بۆ ئەو كەسە هەژمار ناكرێت كە سەركۆمارە.
ئەگەر بێت و ٣٦٠ پەرلەمانتار، واتە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگ بەهەڵوەشانەوەی پەرلەمان بدەن، ئەوكات ئەردۆغان بۆی هەیە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.
بە گوێرەی زانیارییەكان، باخچەلی بۆیە داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئێستا باشترین كاتە بۆ ئەوان و دەتوانن ٣٦٠ پەرلەمانتار كۆ بكەنەوە و پەرلەمان هەڵوەشێننەوە.
دەنگی ئاكەپە و مەهەپە، ٣٢٠ كورسییە، بەڵام توانیویانە ١٣ پەرلەمانتاری تری پارتەكانی تر رازی بكەن بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەمەش ٣٣٣ كورسییان مسۆگەرە. بۆ ئەوەی بتوانن رێژەی یاسایی تەواو بكەن، پێویستە دەم پارتییش بە بەڵێ دەنگ بدات و رێگە خۆش بكەن تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.

چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا باس لەوە دەكەن، دەم پارتی لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، دەنگ بەبەڵێ دەدەن و پەرلەمان هەڵدەوەشێننەوە، بۆیە بەدەنگی دەم پارتی رێژەی یاسایی تەواو دەكەن.

ئایا ئەردۆغان سەركەوتوو دەبێت لە هەڵبژاردندا؟
بە گوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی كراوە، ئەردۆغان ناتوانێت ببێتەوە بەسەركۆمار و دەنگی كەمی كردووە و بنكەی جەماوەری لەدەستداوە، بەڵام لەبەر دوو هۆكار ئەگەری بردنەوەی بەهێزە.
یەكەم: ئەردۆغان سەركەوتوو بوو لەوەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دابەش بكات، بەتایبەت جەهەپە، كە لە رێگەی دادگاوە كۆنگرەی ٣٨ی ئەو پارتەی هەڵوەشاندەوە، بەمەش كەمال كلیچدارئۆغڵو، بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ئەمەش ئۆزگوور ئۆزەلی نیگەران كرد و لە جەهەپە جیا بووەوە و پارتێكی تازەی بە ناوی پارتی نوێ دروست كرد. واتە ئەردۆغان سەركەوتوو بوو لەوەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دابەش بكات و دەنگەكانیان پەرت بكات.
دووەم: لە رێگەی پرسی چارەسەری كورد و پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، توانیی دەنگی دەم پارتی بۆ لای خۆی رابكێشێت. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، دەم پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی دەنگ بە ئەردۆغان دەدات، بەمەش سەركەوتنی ئەردۆغان بەهێز دەبێت.
لە ٢٠١٨ و ٢٠٢٣، ئەردۆغان بەدەنگی خەڵك بووە سەركۆماری توركیا لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، بەڵام لە مادەی ١١٦ی دەستووری توركیادا هاتووە، هەموو كەسێك بۆی هەیە دوو جار ببێتە سەركۆمار و لەوە زیاتر بۆی نییە.