ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کەسایەتیی دیاری بریتانی و سەرۆکی فەخریی یەکێتیی نیودەوڵەتیی دیموکرات (IDU) لۆرد مایکل ئاشکرۆفت کرد.
لە دیدارەکەدا لۆرد ئاشکرۆفت خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو هەنگاوانەی بە ئاراستەی بوژانەوە و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان نراوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە واقعی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد لەسەر ئاستی جیهانیدا باشتر بناسرێت و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی لۆرد ئاشکرۆفتی کرد، هەروەها کورتەیەکی لەبارەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوو خستەڕوو.
سەرۆك بارزانی هەروەها ئاماژەی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دا و جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لەڕێی گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە کردەوە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراق و تەئکیدی لە پابەندبوونی هەموولایەک بە دەستوور کردەوە لەپێناو سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان

