بە هەماهەنگیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن ئینستیتۆتی کوردی لە لۆزان کۆنفڕانسێک بەنێونیشانی «گەڕان بەدوای سەربەخۆییی کوردستان و ئاشتی لە ناوچەکەدا» لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەڕێوە چوو
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی و سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان، بە سروودی نەتەوەییی «ئەی ڕەقیب» دەستیپێکرد.
لە دەستپێکدا، شەهموس ئۆزدەمیر، سکرتێری ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان، پەیڤی بەخێرهاتن و پەیامی کۆنفڕانسەکەی پێشکەش کرد. هەر لەنێو کۆنفڕانسەکەدا، ژمارەیەک لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ڕۆژانی ڕیفراندۆم لەڕێگەی شاشەوە پیشان دران، کە گێڕانەوەیەک بوو لە مێژووی پڕ لە شانازیی ڕۆژانی ڕیفراندۆم.
دواتر دۆکیۆمێنتارییەک پێشکەش کرا، کە تێیدا هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، شڤان پەروەر، باسی لە مێژووی کورد و خەباتی گەلی کوردستان کرد.
لەنێو کۆنفڕانسەکەدا، پانێڵێک بەڕێوەچوو کە تێیدا سروە ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری پانێڵەکە، باسی لە گرنگیی بابەتەکانی ناو پانێڵەکە کرد. دواتر پانێڵەکە بە پێشکەشکردنی ژمارەیەک باس و لێکۆڵینەوە، بە بەشداریی : د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نەجات زانیار، سەرۆکی ئینستیتیۆتی کوردی لە لۆزان؛ نازیلە ئەفخامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان، بەڕێوە چوو.
تەوەرە پێشکەشکراوەکانی پانێڵەکە بریتی بوون لە: «کوردستان لەنێو جیهانی مۆدێرندا چ شوێن و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە؟»، «ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان چیمان فێر دەکات؟» و «ئاسۆکانی داهاتووی پرسی کورد و کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا».
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: «سەرۆک بارزانی، ڕابەری ڕاستکردنەوەی مێژووە. ڕیفراندۆم ئەو پڕۆسە مەزنە مێژووییەیە کە پێیەکی لەنێو ڕاستی و پێیەکەی تری لەنێو دیموکراسیدایە و سەرۆک مەسعود بارزانی بە پشتیوانیی گەلەکەی ڕابەرایەتیی دەکرد. بارزانی ویستی دەستکاریی پۆزەتیڤانەی مێژوو بکات و بە هەمووان بڵێت کە کورد پلە دوو نییە».
لە بەشێکی تری پەیڤەکەیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ڕایگەیاند: «تا ژیان مابێت، دەبێت نەک هەر کورد، بەڵکو هەموو ئازادیخوازێک شانازی بە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان و دەنگدەرانی سەربەخۆییخوازی کوردستانەوە بکات. لەنێو ئەو شانازییەشدا، ڕۆڵ و ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی بە پیتی زێڕین بنووسرێتەوە و نەوە دوای نەوە شکۆمەندانە بیخوێننەوە».
لە بەشێکی تری پانێڵەکەدا، نازیلە ئەفخامی توێژینەوەیەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چارەسەری سیاسی پێشکەش کرد. پاشان نەجات زانیار لە توێژینەوەکەیدا، باسی لە کورد و یاسای نێودەوڵەتی کرد؛ سەبارەت بەوەی کە چی بکرێت باشە بۆ تێگەیشتن لە یاسای نێودەوڵەتی لە پێوەندی بە پرسی کوردەوە. دواتریش، گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەبارەی ئەم پرسانەوە کرا و بابەتەکان گەنگەشە کران.
پاشان نڤار مالەیی، وەک گەنجێک کە لە ئەورووپا گەورە بووە، باسی لە هەستی نیشتمانپەروەریی نێو گەنجان کرد وەک بناغەیەک بۆ سەربەخۆییی کوردستان، هەروەها تیشکی خستە سەر قۆناغی ئێستای کورد و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەش. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە گرنگە هەموو لایەک لە دەوری ئەزموونی هەرێمی کوردستان، وەک ئەزموونێکی سەرکەوتووی حوکمرانی، کۆببنەوە.
لە بەشێکی تری کۆنفڕانسەکەدا، ئاسۆ پیرۆتی بابەتێکی گرنگی سەبارەت بە پەروەردە و کولتوور لە بواری سیاسیدا پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: «حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان، چەتری کۆکەرەوەیە بۆ هەمووان».
جێی باسە، ئەم کۆنفڕانسە ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام بوو، کە تێیدا نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردی لە سویسرا ئامادەبوون و پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا، بە ئەنجامدانی چەندین گفتوگۆیی ئەکادیمی، کۆنفڕانسەکە کۆتاییی پێ هات.

