رۆژنامەی ھەولێر

ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزارەت بۆ بەدواداچوونی دەستەبەرکردنی پشکی هەرێم لە قەرزە فیدراڵییەکان ڕادەسپێرێت

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوى فەرمیی ژمارە (11474) لە ڕۆژى (13-09-2026)، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری و پلاندانان)ی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان (قانون الإقتراض والمنح والإعانات).

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە. لە بڕیارەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی (106)ی دەستوور کراوەتەوە، کە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.

هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، بۆیە پێویستە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا، مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە، بۆیە پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاووتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و دادپەروەری ڕەچاو بکرێن.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری