چواس خالید – هەولێر
کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک لە ژێر سایەی ستراتیژییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قۆناخێکی نوێی گەشەکردن بەخۆوە دەبینێت و تەنیا لە ٦ مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا کراوە. بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ملی خێزانی کەم دەرامەت، پارێزگای دھۆک ھەنگاوی جددی بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری نیشتەجێبوون دەنێت و زیاتر لە پەنجا پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیا و کەرتی تایبەتەوە بە ھەماھەنگی و پشتگیری حکوومەتی ھەرێم لە قۆناغی دروستکردندان.
لە پارێزگای دھۆک زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروست کراون، زۆریش لە قۆناغی جێبەجێ کردندانە، ئەوەش وای کردووە کە ھەم ھەلی کار زیاتر بێت، ھەمیش کەمدەرامەتەکان لە کرێداری ڕزگار بن.
ئەو مۆڵەتانەی بە پڕۆژەکان دەدرێت، ھاوسەنگی لە نێوان پێویستی و داخوازی دروست کردووە، کە بووە ھۆکار بۆ دابەزینی کرێی خانووبەرە و ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاوتر بۆ ئەو چین و توێژانەی کە توانای داراییان لاوازترە.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە ژێرخان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات، کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، ئاماژە بەوە دەکات، پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان لەسەر بنەمای پێداویستی ناوچەکە و گرنگی کەرتە ستراتیژییەکانە.
وەبەرھێنەران، دەڵێن ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە لە پارێزگای دھۆک ھەیە، لەگەڵ ئەو ئاسانکارییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنان پێشکەشمان دەکەن، بوونە پاڵپشت و ھاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی ئێمە وەک کەرتی تایبەت وەبەرھێنان لەم پڕۆژەیەدا بکەین.
ئامارەکان نیشانەی بازدانێکی گەورەن لە کەرتی وەبەرھێنان، ھەرچەندە ساڵی ٢٠٢٥ بەھۆی تۆمارکردنی ٤٥ مۆڵەت وەک “ساڵی زێڕین” ناودەبرا، بەڵام داتاکانی ئەمساڵ ڕیکۆردی پێشتریان شکاندووە، تەنیا لە ٦ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، قەبارەی وەبەرھێنان لە دھۆک گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار.
ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک، ئاشکرای دەکات: لە ٦ مانگی ڕابردوودا توانیمان زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان تۆمار بکەین، پلان و ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەیە زیاتر گرنگی بە کەرتە بەرھەمھێنەکان بدەین بۆ ئەوەی ئابووری ناوچەکە ھێشتا بەھێزتر بێت.
ئاوەدانکردنەوەی ئەو پڕۆژانە نەک تەنیا دەرفەتی کاری بۆ ھێزی کاری ناوخۆی زیاد کردووە، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر باشترکردنی ئاستی ژیانی خێزانی کەم دەرامەت ھەبووە. بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، گوتی: زۆر جۆر پڕۆژەمان ھەبووە، ھەندێک پڕۆژە ھەن بە کواڵێتییەکی زۆر باش دروست کراون، ئەوەش بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن، ئەوەش چینێکی دیاری کراو تێدا سوودمەندە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە چینێکی زۆر لە فەرمانبەر و کەمدەرامەتان لەو پڕۆژانە سوودمەندن، تەئکیدیش لە وەبەرھێنەر دەکەین کە ھەموو کار ئاسانییەک بکات و بەشێوەیەکی درێژ خایەن بفرۆشێت ئەو پێشەکییەی کە وەردەگرێت کەم بێت.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنان، لە سەرەتای کارپێکردنی یاسای وەبەرھێنانەوە تاوەکو ئێستا، ٣٦٣ مۆڵەت بە پڕۆژە جیاوازەکان لە دھۆک دراون، کە سەرمایەی گشتییان پێکەوە پتر ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.
ئێستا دھۆک بووەتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ سەرمایەگوزارانی ناوخۆیی و بیانی، ئەمەش وەک دەرئەنجامی ئەو ئارامی و ئاسانکارییە کارگێڕیانەی کە حکوومەت بۆ کەرتی تایبەت دابینی کردووە.
بەردەوامی دان بە مۆڵەتەکانی پڕۆژەی نیشتەجێ بوون دابەشکردنی پارچە زەوی تەنیا گەشەپێدانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە نییە لە دھۆک، بەڵکو ھێلێکی پشتگیرییە بۆ ئەو خێزانانەی کەمدەرامەت کە ساڵانە کار دەکەن و خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن خانووەک، لێرەدا حکوومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت پێکەوە ھەماھەنگن بۆ ئەوەی کرێی خانووبەرە بەشێوەیەکی داکەوتوو ئەرزان بکەن، ژیانی ھاووڵاتییان گونجاوتر لێ بکەن.

