رۆژنامەی ھەولێر

بەیاننامەی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 56 ساڵه‌ی دامه‌زراندنییه‌وه‌

بە بۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لە نیشتمانپەروەری، یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، بڵاوکردنەوەی هزری میانڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکاتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

((وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ)) آل عمران:103.

لە یادی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان؛ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراستەی سەرجەم زانایانی بەرێزی ئایینی و گەلی کورد بەگشتی ده‌كه‌ین.

یه‌كێتی زانایان له‌ 21/9/1970 له‌پێناو ئامانجگەلێکی گرنگی ئایینی و پیشەیی و نەتەوەیی، له‌سه‌ر راسپارده‌ و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی دامه‌زرا، کە تا ئێستاش ماندوونەناسانە لە بەدیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی زانایانی ئایینی ‌و پارێزگاری لە دین و پاراستنی بەهاو سنوورەکانی دینداری و پشتیوانیكردن له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانییه‌كان بەردەوامە.

چوارچێوەی کارکردنی یەکێتی زانایان درێژەدانە بە رێڕەوی گەورە زانایانی کورد، بە تێگەیشتنی دروست و زانستی و خوێندنەوەو خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان، هاوکات بە لەبەر چاوگرتنی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی و، برەودان بە دینداری و پەروەردەو پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان لەلایەک و، گەیاندنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەو رێزگرتن لە یەکتری و، نەهێشتنی رق و کینەو بیری توندڕەوی و هزری نامۆ لەلایەکی ترەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

لەم ساڵیادە جەخت لە پەیامی برایەتی و گوتارو زمانی رێز لە مومارەسەی دینداری دەکەینەوەو، پاراستنی تایبەتمەندی كوردستان لەرووی دینداری و عەقیدەو مەزهەب و رێڕەوی گەورە زانایان و یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی نێو موسڵمانانی کوردستان بە گرنگ دەزانین، بایەخدان بە رەوشی دینداری و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەرکی لە پێشەی ئەم یەکێتییەیە، مەبەستمانە لە قۆناغی چاکبوون بەرەو قۆناغی چاککردن بڕۆین، بەوە دەتوانین خزمەتی زیاتر کیان و کۆمەڵگە بکەین و مەترسییەکانی سەر کوردستان کەم بکەینەوە.

هەر لێڕەشەوە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین، تەبایی و یەکهەڵوێستی نیشتمانی رابگرن و لەئاست بەرپرسیارێتی و دابینکردن و پاراستنی مافی گشتی و هاوڵاتیان بن، بەرژەوەندی نەتەوەیی نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی ململانێی سیاسی و حزبی، لەگەڵ ئەوەش بە گرنگی دەزانین هەمووان بایەخی زیاتر بە رەوشی ئایینی و مزگەوت و زانایان و پاراستنی پێگەی ئایین بدەن، چونکە ئایین و نیشتمان لێک جیا ناکرێنەوەو پاڵپشتی هەرە گەورەش بۆ ئایندەی کوردستان ئەم رەهەندە گرنگەیە، زامنی دەسکەوتی مەزن پەیوەستە بە یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد، لەم رووەوە رۆڵی زانایانی ئایینی لەبواری ئایینی و پیشەیی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەین.

دووبارە پیرۆز بێت 56 ساڵ خزمەت و بەردەوامی.. خوای گەورە پشتیوانی کارو هەنگاوەکان بێت و هەموو لایەک سەرفراز بکات.

مەکتەبی تەنفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
20ـی ئــەیــــلولی 2026ز