رۆژنامەی ھەولێر

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ناجێگری لە بازاڕ دروست کردووە و بەھۆیەوە نرخی کاڵا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش ھاووڵاتییان و کاسبکارانیی بێزار کردووە.

بەھۆی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ھاوردەکردن، نرخی زۆربەی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، ئەم گۆرانکارییە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێوی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان.
دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕاستەوخۆی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا. ئەم دۆخە کاریگەرییەکی توند لەسەر ھێزی کڕینی ھاووڵاتییان دروست دەکات، چونکە زۆربەی کاڵاکان ھاوردەکراون و بە دۆلار دەکڕدرێن.
بەھۆی نادیاریی بەھای دراو و ترسی کڕیاران لە گرانبوونی زیاتر، جۆرێک لە وەستان یان سستی لە کڕین و فرۆشتندا دروست دەبێت، بەو پێیەی بازرگانان بۆ کڕینی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە ئەلیکترۆنی و بیناسازییەکان دۆلار بەکاردەھێنن، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ نموونە گەیشتنی بە نزیکەی ١٦٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک، تێچووی ھاوردەکردن زیاد دەکات و دواجار بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی بەکاربەر. محەممەد سەمەد، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زیاتر لە دوو ھەفتەیە نرخی دینار دابەزیوە و دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە کە ئەمریکا بانکێکی ئیسلامی خستە ژێر چاودێرییەوە کە لەو بانکە مامەڵەی دۆلار دەکرا، ئێستا بانکێکی دیکە دیاری کراوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاڕ ھەیە، لە ھەمان کاتدا ئەو وادەیە زۆر نەماوە کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان تەسلیمی حکوومەتی عێراق بکەن، بەڵام ئەوەش تا ئێستا بە ناجێگیری ماوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا عێراقی ئاگادار کردووتەوە ئەگەر ئەو گرووپانە چەکەکانیان ڕادەست نەکەن بارودۆخی عێراق خراپ دەبێت و بە قورسی سزا دەدرێت، ھەروەھا سیستەمی ئەسیکۆدا ئەویش کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕ ھەیە، ئەوەش وای کردووە خواست لەسەر دۆلار زیاد بێت و دۆلار بەرزبێتەوە.
کاریگەری شەڕی ناوچەکە، داخستنی گەرووی ھورمز، بەرزبوونەوەی دۆلار و سیستەمی ئەسیکۆدا نرخی خۆراکی لە بازاڕدا بەرزکردووتەوە. مووچەی فەرمانبەران و داھاتی زۆربەی ھاووڵاتیان بە دینارە، لە کاتێکدا نرخەکان بە دۆلار دیاری دەکرێن یان بەپێی دۆلار دەگۆڕێن، ئەمەش وادەکات ھاووڵاتییان بە ھەمان بڕی پارەی پێشووتر، کاڵای کەمتریان پێ بکڕێت. کەریم سەعید، بازرگانی ھێنانی کەلوپەلی خواردنە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەموو خواردەمەنییەک لە دەرەوە دێت، کڕینەکەشی ھەموو بە دۆلارە، داخستنی گەرووی ھورمز زۆر کاریگەری لەسەر خۆراک و کەلوپەلەکانی دیکە ھەبووە، ئێستا کە بە تورکیادا دێن نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان دووقات گران بووە، ئەوەش وای کردووە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان لاواز بێت.
ھەر گۆڕانکاری و ڕووداوێک لە ناوچەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە ھەرێمی کوردستان بەکارھێنەرێکی گەورەی خۆراک و خواردنە، ھەر ئەوەش وای کردووە نرخی ھەموو پێداویستییەکانی ڕۆژانە لە بازاڕەکان گران بێت.