فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر مەککە دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککە دەکەین، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی شانشینەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانیکارانی ماڵی خودا.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختدەکاتەوە، ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری و سەلامەتیی خاکی سعوودیە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هەر دەستدرێژییەکیش خاکی سعوودیە بکاتە ئامانج یان مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست بکات، رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، بەئامانجگرتنی مەککە بەهۆی ئەو پێگە ئایینی و رۆحییەی لای موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان هەیەتی، پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە. ئەو هەوڵانە هەڕەشە لە پیرۆزیی شوێنەکان و سەلامەتیی میوانانی خودا دەکەن و پێویستییان بە سەرکۆنەیەکی روون و یەکلاکەرەوە هەیە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سعوودیە لە پاراستنی ئاسایش، سەروەری، سەلامەتیی هاووڵاتییان، دانیشتووان و میوانانی سعوودیە دەردەبڕێت. هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپاتدەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا فەرمانگەکە دووپاتیدەکاتەوە، نابێت ناکۆکییەکان ببنە بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان یان شوێنە پیرۆزەکان. رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، پیرۆزیی شوێنە ئایینییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە و رێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بکرێت

