سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر پیرمام دەکات و بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاک وەسفی دەکات. داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات بە ئەرکی دەستووریی خۆی هەستێت و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ 17ی ئابی 2026، نووسینگەی تایبەتی رێزدار سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بە درۆنی ئاراستەکراو لە ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق تێکدەدات و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، بۆیە بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.
داواکارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە ئەرکی دەستووری خۆی هەستێت و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە و مسۆگەرکردنی رێزگرتن لە سەروەری عێراق و سەروەری هەرێمی کوردستان.
یەکەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان

