کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانەکانی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراقی دایەوە و مەرجەکانی هەولێری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین ڕاگەیاند.
وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان داوای دادپەروەری دەکات و ئەو 50,000 بەرمیلە نەوتەی ئێستا دیاریکراوە، تەنها ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و زۆر کەمترە لەو پشکە ڕاستەقینەیەی کە دەبێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بۆ هەرێم تەرخان بکرێت.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان نیشانداوە، بەو مەرجەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم دابین بکات. وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی هەموو پێوەرەکان، پشکی شایستەی هەرێم زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە ئێستا بۆی دانراوە، بۆیە پێویستە لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکرێت تاوەکو بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان سووک بێت.
لەکۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، کەمال محەممەد ساڵح ستایشی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داکۆکی لە زیادکردنی پشکی هەرێم دەکەن. وەزیری سامانە سروشتییەکان دووپاتی کردەوە کە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ئامادەی هەر جۆرە گفتوگۆیەکەن کە دڵنیایی بدات لەوەی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مسۆگەر دەکرێت.

