رۆژنامەی ھەولێر

بەپێی ڕێژەی دانیشتووان پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت ڕۆژانە ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بێت

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بەوە دەکات، واژۆی زیاتر لە ١٣٠ پەرلەمانتاری عێراق کۆکراوەتەوە بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی فیدراڵ تاوەکو کێشەی بەنزینی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هاوکات قسەکانی وەزیری نەوتی عێراقیش لەسەر ناردنی بەنزین ڕەتدەکاتەوە و بە دوور لە ڕاستی ناویان دەبات.

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاداشتێکی فەرمییان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، تاوەکو ئێستاش واژۆی زیاتر لە ١٣٠ پەرلەمانتاریان بۆی کۆکردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی واژۆکان بگاتە ١٦٠ بۆ ١٧٠ واژۆ، بەمەش زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ یاداشتەکەیان پاڵپشتە بە بڕگەکانی 14، 111 و 121ی دەستووری عێراق، جەخت لە یەکسانیی سەرجەم پارێزگاکان دەکەنەوە لە دابەشکردنی سامانەکاندا. لە یاداشتەکەدا دوو بژاردە خراوەتە بەردەم بەغدا، یان پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان بەپێی رێژەی دانیشتووان (14%) دابین بکرێت دەکاتە 140 هەزار بەرمیل لەبری ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا تەنیا 6%ی پشکەکانە، یانیش حکوومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەنزینی ئامادەکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
سیپان شێروانی، وەڵامی قسەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری وەزیری نەوتی عێراقی دایەوە گوایە ئەوان ئامادەییان نیشانداوە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، لە وەڵامیدا ڕایگەیاند؛ ئەو قسانەی لە راگەیاندنەکانەوە دەکرێن راست نین. هەفتەی رابردوو خۆم لە بەغدا سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانم کردووە، عێراق خۆی رۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات چونکە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی ناکات، ئیتر چۆن دەتوانێت بەنزین بۆ ئێمە دابین بکات؟”.
وتیشی؛ ئەگەر ئەو قسانە راستن و ئامادەییان هەیە، فەرموون با سبەی چوار ملیۆن لیتر بەنزین یان ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە خاوە بنێرن دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین”.
سیپان شێروانی، لە قسەکانیدا، جەختی لەوەش کردەوە، جەختی کردەوە بەپێی زانیارییەکانیان، پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هیچ شێوەیەک توانای ئەوەیان نییە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە دەگوترێت لەگەڵ راستییەکاندا یەک ناگرێتەوە.