رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی بەیاننامەیەک لە دوازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی بڵاودەکاتەوە

لە 12هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدیدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە سەرکۆنەکردنی تاوانەکانی داعش، دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکانی حکوومتەکی فیدراڵ و جێبەجێکردنی ڕێكکەوتننامەی شەنگال کردەوە.

دەقی بەیاننامەى فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان:

لە دوازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزیدی و بە كۆیلەكردنی هەزاران ئافرەتی ئێزیدی لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) بەهۆكاری كورد بوون و ئێزیدیبوونیان ئەو تاوانە قێزونە سەرکۆنە دەكەین.

كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزیدی بە هەموو پێوەرە یاساییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە تاوانەكانی نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێن و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێك لە پەرلەمانانی ووڵاتانی جیهان وەكو جینۆساید ناسێنراوە.

ئەوەی لەم ساڵیادە ناخ هەژینەشدا ئازارەكان زیاتر قووڵ دەكاتەوە وێڕای ئەوەی بەڕابەراتی سەرۆك و پێشمەرگەی كوردستان (جەنابی سەرۆك بارزانی) شەنگالی ئازیز لە تیرۆرستانی (داعش) پاك كرایەوە، بەڵام هێشتا دانیشتوانە ڕەسەنەكەی ئازادانە نەگەڕاونەتە زێدی خۆیان و حكوومەتی فیدراڵی عێراقیش بە ئەركی یاسایی خۆی هەڵنەستاوە لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و گەرەنتیكردنی دووبارە نەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە لەداهاتوودا.

هەر لەم یادە ئازار بەخشەدا، جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شەنگال دەكەینەوە و پێداگری لەمافی ڕەوای كوردانی ڕەسەنی ئێزیدی دەكەینەوە لە پاراستنی ناسنامەی كەلتووری و ئایینی خۆیان و دژی هەر هەوڵێكی تێكدانی دیموگرافی ناوچەكەین. دەستخۆشی و پاڵپشتیمان بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڕان و دۆزینەوە و ئازادكردنی ئافرەتانی بەكەنیزەكراوی ئێزیدی و ساڕێژكردنی بەشێك لە برین و ئازارەكانیان دووپات دەكەینەوە.

فراكسیۆنەكەمان لەم ساڵیادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكاتەوە كە هەر وەك چۆن دەستپێشخەر و سەرخەری بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی 2019ی پەرلەمانی كوردستان بووین لە بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە و دیاریكردنی ڕۆژی (3)ی ئابی هەموو ساڵێكیش وەك ڕۆژی یادكردنەوەی، بەهەمان شێوە هەموو هەوڵێكی كاری پەرلەمانیمان دەخەینە گەڕ بۆ زامنکردنی مافە ڕەواکانی قوربانیان.

لەكۆتاییدا دووبارە هاوسۆزی خۆمان بۆ قوربانیانی ئەم تاوانە دەردەبڕین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان

3/8/2026