سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی تەممووزی 2026)، پێشوازی لە “ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە”، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، سەفین دزەیی بە فەرمی سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەو هەوڵانەی لە ماوەی کارکردنیدا داویەتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەرلین. دزەیی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا دەدات و هیوای سەرکەوتنی بۆ ڤیتکە خواست لە ئەرکە نوێیەکانیدا لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە “خۆشحاڵە” بەو ئاستە لە هەماهەنگییەی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیبووە. ڤیتکە سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد کە وەک هاوبەشێکی کارا پاڵپشتی کارەکانی کونسوڵخانەیان کردووە، ئەمەش وای کردووە چەندین پڕۆژەی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە هەمان گڕوتینەوە ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا کە بڕیارە لە داهاتوودا دەستبەکار بێت. دزەیی وتی: “سەرکەوتنی ئەرکی کونسوڵخانە بیانییەکان لە هەرێم، بە سەرکەوتنی خۆمانی دەزانین.”
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزیی سەربازیدا تێپەڕ دەبێت.
ئەڵمانیا یەکێکە لە هاوپەیمانە هەرە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە کە لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکانیەوە دەورێکی باڵا دەبینێت لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها بەرلین لە ڕێگەی ئاژانسی (GIZ) و چەندین ڕێکخراوی دیکە، یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی هاوکاریی مرۆیی و پڕۆژەی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستاندا.

