رۆژنامەی ھەولێر

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمی نمایشکردنی بەڵگەفیلمی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج)ـی بەڕێوەبرد

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە ئیمپایەر سینەما لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی نمایشکردنی بەڵگەفیلمی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج)ـی ساز کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەدیبان و ڕۆژنامەڤانان بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە خولەکێک وەستان بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، (سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد) دەستی پێکرد.
دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە:
مێژووی پڕ ژان و قوربانیدانمان پێویستی بە بەکولتوورکردنە، بۆیە هەوڵەکانی ڕۆژنامەنووس، محەمەد حاجی قادر بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە، ئەرکێکی نیشتمانیی مەزنە و دەستخۆشی لێدەکەین. هەروەها خاتوو فەزیلە محەمەد، ئەو ئافرەتە مەزنەی نیشتمان، کە سیمبولی خۆڕاگریی ڕۆژە ڕەشەکانی ئەنفالە، پێمان دەڵێت: ئێمە بەناو تونێلی سەختی خەباتدا تێپەڕیوین و لەنێو قوربانییەکاندا ژیان دەچنینەوە.
با ناحەزان بزانن؛ هەرێمی کوردستان چیایەکی سەرکەشە و بە پیلانی بچووکی ئەوان ناهەژێت. ئێستا کاتیەتی بە یەکڕیزی، دەستباری خێر بگرین بۆ چارەسەری کێشەکان.
پاشان، محەمەد حاجی قادر، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، وێڕای خستنەڕووی هەنگاو و قۆناغەکانی ئامادەکردنی بەڵگە فیلمی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج)، سوپاسی د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بووە لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە.
پاشان بەڵگەفیلمی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج) بۆ ئامادەبووان نمایش کرا، کە بووە جێی سەرنجی بینەران.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەش بە فەزیلە محەمەد، سکاڵاکاری دەستگیرکردنی (عەجاج) و محەمەد حاجی قادر، دەرهێنەری بەڵگە فیلم و ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی ئەنفال کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، خاتوو (فەزیلەمحەمەد) سکاڵاکاری دەستگیرکردنی عەجاج، وتەیەکی پێشکەش کرد سوپاسی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.