رۆژنامەی ھەولێر

ئیتاڵیا بەرزترین پلەی ڕێزلێنانی فەرمیی خۆی بەخشییە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

دەوڵەتی ئیتاڵیا بەرزترین پلەی رێزلێنانی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای وەرگرتنی مەدالیاکە گوتی، “خۆشحاڵم و شانازی دەکەم بە وەرگرتنی ئەم مەدالیایە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦، دەوڵەتی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی تایبەت دا لە شاری ھەولێر، بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمیی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا”ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای وەرگرتنی مەدالیاکە ڕایگەیاند، “سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم رێزلێنانە دەردەبڕم، بەناوی گەلی کوردستان و عێراق، بۆ ھەر کەسێک لە دۆستایەتی ھەردوولادا بەشدار بووە، بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی گەل و حکوومەتی ئیتاڵیای کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا. سەرۆکی هەرێم لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییە سەربازی و ڕاهێنانەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بەرز دەنرخێنن، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا.

جیا لە لایەنی سەربازی، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی ئیتاڵیا لە بوارە مەدەنی و کولتوورییەکاندا و ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە هاوکارێکی سەرەکی بووە لە پاراستنی کەلەپوور و کەلتوور لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم هاوکارییانە وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی ئیتاڵیا دەبینرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و مێژووی ناوچەکە، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی.

ئەم دەربڕینی سوپاسگوزارییەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی دیپلۆماسی و ئەمنی لەگەڵ هەولێردا هەیە. حکوومەتی ئیتاڵیا لە ڕێگەی تیمە سەربازییەکانی و پڕۆژە کولتوورییەکانییەوە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو و وڵات و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕۆمادا دەبینرێت.