رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی کوردستان: بودجەیەکی تایبەت بۆ پەرەپێدانی چەندین پرۆژەی تەندروستیی جیاواز تەرخان دەکرێت

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا کرد و ڕایگەیاند؛ لە میانی سەردانەکەیان بۆ بەغدا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان بۆ کەرتی تەندروستی بەدەستهێناوە و بەشێکی زۆریش بۆ شوشتنی گورچیلە تەرخان دەکرێت.
دوێنێ، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرهەمی سەردانەکەی ئەم دواییەیان بۆ بەغدا بەدەستهێنانی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بودجەیە بۆ کارکردن و پەرەپێدانی چەندین پرۆژەی تەندروستیی جیاواز لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەروو، بەشێکی گرنگی ئەم بودجەیە بۆ پرۆژەکانی فراوانکردنی بەشەکانی شوشتنی گورچیلە دەبێت و خزمەتێکی زۆر بە نەخۆشان دەگەیەنێت.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو بەغدا تەنیا 41%ـی پێداویستییەکان دابین دەکات، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستبووە سەر بودجەی ناوخۆیی.