رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کارەبا: 300 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی حکوومەت گەڕێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلی لەبارەی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە زیادکردنی 1,974 مێگاوات کارەبا و ئەنجامدانی هەزاران پڕۆژەی گواستنەوە و دابەشکردن لە سەرانسەری هەرێم دەدات.

بەپێی ئامارەکان، حکوومەت توانیویەتی کارەبای بەردەوام بۆ 85%ی هاوبەشانی کارەبا دابین بکات کە ژمارەیان نزیكەی 1,975,000 هاوبەشە.

لە سێکتەری بەرهەمهێناندا، وێستگە ستراتیژییەکانی وەک بازیان (750 مێگاوات)، خۆرماڵە (500 مێگاوات) و وێستگەی هەڵمیی خەبات (300 مێگاوات) ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، هاوکات 134 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد کراوە. لە سێکتەری گواستنەوە و دابەشکردنیشدا، زیاتر لە 3,900 پڕۆژە بە گوژمەی ملیۆنان دۆلار جێبەجێ کراون، کە بووەتە هۆی گەیاندنی کارەبا بۆ 575,000 هاوبەشی نوێ و کوژانەوەی 6,000 مۆلیدەی ئەهلی لە ناو گەڕەکەکاندا.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر لایەنی چاکسازیش دەکاتەوە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، توانیویەتی ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێنێتەوە. هاوکات لە هەڵمەتێکی فراواندا بۆ پاراستنی سامانی گشتی، زیاتر لە 62,000 سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لابراون، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی وزە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ هاووڵاتییان دەبینرێت.