رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆ: بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی سلێمانی دەستبەکار بوو

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، عەمید هێمن کەمال نوری وەک بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستبەکار بوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تەمووز، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ کە بە نووسراوی ژمارە 19260 دەرچووە، عەمید هێمن کەمال ئەرکی بەڕێوەبردنی پۆلیسی سلێمانی پێسپێردرا. هەر ئەمڕۆ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی سلێمانی کرد.

لە دیدارەکەدا، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر بایەخی ئەم پۆستە و جەختی لە پێویستیی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەروماڵ و ئاسایشی شارەکە کردەوە. ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند، پێویستە ئەرکەکان بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەنانە جێبەجێ بکرێن، هاوکات پشتگیری و پاڵپشتیی تەواوی خۆی و وەزارەتی ناوخۆی بۆ عەمید هێمن کەمال نوری دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.