رۆژنامەی ھەولێر

ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا؛ تێیدا وێڕای تاوتێکردنی دەرھاویشتە زیانبەخشەکانی شەڕی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ھەرێم و ژێرخانی وزە، جەختی لە پشتیوانیکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق عەلی زەیدی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مووچە کردەوە، ھاوکات بەردەوامیی ھەوڵەکانی لیژنەی مەکتەبی سیاسیی بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی ھەرێم دووپات کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و ھەڤاڵان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمرۆ شەممە ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

کۆبوونەوە دوای ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمشە لەیاد، کۆمەڵێک بابەتی سیاسی، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، پەیوەندییەکان و کاروباری ناوخۆی پارتیمانی خستە خشتەی تەوەرەکانی گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینەوە و، بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویست بوو بڕیار وەرگیرا.

تەوەری یەکەم/ بارودۆخی گشتی؛ لەم تەوەرەدا تیشکخرایە سەر شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و کاریگەری و دەرھاویشتەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، کە لە چەندین بواردا زیانی بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش کە شەڕ ڕاگیراوە، ھێرشی ھاژەک و دڕۆنی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکی زۆری ھەبووە و دەیان بریندار و شەھید بە ناحەق لە ئاکامی ئەو ھێرشانە بوونەتە قوربانی، ئەوە جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆری ھەبووە و جوڵەی بازرگانیان سست کردووە، ھەروەھا ھێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بۆتە ھۆی ڕاگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ ھەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکی گەورەیە. ئەم دەرھاویشتانە و بەردەوامی ھێرشەکان بوونەتە ھۆی دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەری کێشەکان لە رێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجی ھەموو لایەکە و ناوچەکە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە چیتر زەیانمەند نابن.

تەوەری دووەم/ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکان، بەڵام بەردەوام ھەوڵمانداوە ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت لە سێبەری دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکرێت، ھەرچەندە کێشەکان کەڵەکەکراون و کەمتر ھەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگای بەردەوامی لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گرتۆتەبەر، بە تایبەتی لە بواری بودجە و شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنی شاند بۆ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری و لادانی کۆسپ و ئاستەنگەکان.

بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی پشتیوانیمان ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوکاری و پشتیوانیکردن بەو ھیوایەی ھەروەکو رێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوە، چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچە خۆران لەکاتی خۆیدا رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

شایەنی باسە کۆبوونەوە جەختی لە پشتیوانیکردنی بەرێز عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی کردەوە لەو ھەنگاوانەی دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گێرانەوەی سەروەت و سامانی خەڵکی عێراق بۆ خەزێنەی حکومەت و رێگرتن لە بە فیڕۆدانی سامانی وڵات.

تەوەری سێیەم/ دەستپێشخەریەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە جەژنی قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوونی کوردستانە لەم بارودۆخە ھەستیار و ناسکەی کە ھەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، ھەروەھا ئەو ھەموو ڕووداو و گۆڕانکاریانەی ڕودەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگاری و مەترسی لەگەڵ خۆیان دەھێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەریەی جەنابیانی بەرزنرخاند، کە کێشەکانی لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی دەستپێشخەریەکە لیژنەیەک لە ئاستی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیمان دەستی بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەو چەقبەستنەی تێیکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ئەم دەستپشخەریە و ھەوڵەکان بەردەوامن بەو ھیوایەی ھەموولایەک بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری بارودۆخەکە و گرنگی ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەری ھەنگاو بنێن.

تەوەری چوارەم/ کۆبوونەوە لە ڕوانگەی ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و باوەڕی تەواو بە یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان لە کۆماری عێراقی فیدراڵدا، پشتگیری لە ھەنگاوەکانی بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەروەھا پشتیوانی ھەنگاو و ھەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە ھەموو ڕوێکەوە بەتایبەتی لە بابەتی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەکات، کۆبوونەوە بەباشی زانی بەردەوامی بەم ھەوڵ و ھەنگاوانە بدەن.

تەوەری پێنجەم/ بابەتی ناوخۆی و ڕێکخستنەکانی پارتیمان؛ لەم تەوەرەدا گفتوگۆی پێوست لەبارەی ڕێکخستنەکان و ئەرکی ئۆرگانەکانی پارتیمان کرا، بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لیژنەیەک پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ھەروھا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای کوردستان دیراسەیەکی ھەمەلایەنەی ئەنجامداوە. ئەم دیراسە و، ئەنجام و پێنشنیار و ڕاسپاردەکانی دەبنە نەخشەڕێگای ھەنگاوەکانی داھاتوو و ئەوەی پێویستە ئەنجام دەدرێت.

شایەنی ئاماژەیە، کۆبوونەوە لە کەشێکی حزبی و خەمخۆرانە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان و، جوڵەپێکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان و توندوتۆڵترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییە شیعە و سونەکانی عێراق، بەرێوەچوو.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦