رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری نەجەف، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.5.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە هەولێر، پێشوازی لە یوسف مەكی کناوی، پارێزگاری نەجەف و شاندێكی یاوەری کرد، كە پێكهاتبوو لە هەریەك لە فارووق غەزالی، تەیف حاتمی، فازل فتلاوی، ماجد عابدی، زید شمخی، ئەنور عوسمان، محەمەد عەلی محەمەد ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی دیكەی پارێزگاكە.

لە دیدارەکەدا، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و جەخت لەسەر گرنگی گۆڕینەوەی ئەزموون، پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کرایەوە.

لە بەرامبەردا، پارێزگاری نەجەف سوپاسی پێشوازیەكەی پارێزگاری هەولێری كرد و خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانەی بۆ هەولێری پایتەخت و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان نیشاندا.

ئەم دیدارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگای هەولێردایە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ تەواوی پارێزگاکانی عێراق بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.