ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
زانكۆی سەلاحەدین بە شانازییەوە دەستپێکردنی پرۆژەی سودپڵەس (+SUID)ـی ڕاگەیاند. ئامانجی ئەم پرۆژەیە پێشكەشكردنی داشكاندن لە كەرتی تەندروستی، بازاڕیكردن (بە گشتی)، خواردنگە و كافیەكان بۆ هەموو هەڵگرانی ناسنامەی زانكۆی سەلاحەدینە و، مامۆستا، قوتابی و كارمەندانی ئەو زانکۆیەش دەگرێتەوە.
ئەم پرۆژەیە بە سەرپەرشتیی بەڕێز پ. د. كامەران یونس محەمەدئەمین سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدینی هەولێر دەکرێت؛ ئامانج لەم پرۆژەیەش بۆ هاوكاریکردنی مامۆستایان، كارمەندان و قوتابیانی زانکۆکەیە و، لە كەرتە جیاوازەكاندا داشکانیان بۆ دەکرێت.
سەرچاوەیەك لە زانكۆی سەلاحەدین بە (هەولێر)ی گوت: ناوی پرۆژەكە سودپڵەسە كە ئاماژەیە بۆ Salahaddin University Identity Plus ئەویش بە واتای (سودی زیاتر وەرگرە لە ناسنامەی زانكۆی سەلاحەدین).
پوختەی پرۆژە باس لەوە دەكات كە زانكۆی سەلاحەدین، وەكو دامەزراوەیەکی هەرە گەورە و گرنگی ئەكادیمی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، کە ئێستاکە خاوەن كۆمەڵگەیەكی گەورەی مامۆستا، كارمەند و قوتابیە، كە سەرووی (٣٠٠٠٠) كەس دەبێت، زانكۆ لە پرۆژەی سودپڵەسدا هەوڵ دەدات سود لەو قەبارە وەربگرێت، ئەمەش بە دروستكردنی هاوبەشی لە هەنگاوی یەكەمدا لەگەڵ دامەزراوەكانی بواری تەندروستی، خواردنگە و بازارە جیاجیاكان. هاوكات لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییەوە، خاوەن ناسنامەكان لەگەڵ كەسی یەكەمی خاوەن ناسنامە (دایك، باوك، خوشك، برا، منداڵی هەڵگری بڕوانامە) دەتوانن لە داشكاندنی تایبەت بە زانكۆی سەلاحەدین سوودمەند بن لەم بوارانەدا كە ئاماژەیان پێ كراوە.
ئامانجەكانیش بریتین لە:
• دابینكردن و پشتگیری داراییە بۆ كۆمەڵگەی زانكۆ؛ لەوانەش قوتابی و، كارمەند و، مامۆستا و توێژەر، بە ئامانجی بەشداریكردن لە كەمكردنەوەی قورسایی ژیان بەتایبەت لە دۆخی ئێستەدا.
• پەرەپێدانی ڕۆڵی زیاتری زانكۆ: لە ڕێگەی ئەم پرۆژە، زانكۆ هەوڵ دەدات ببێتە بەشێكی چالاك لە كۆمەڵگەدا، كە پرۆژەكە رێگە خۆش دەكات بۆ هاوبەشیی زیاتر لە داهاتوویەكی نزیكدا.
• دروستكردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زانكۆ و كەرتە جیاوازەكان كە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەش دەكەن.
تایبەتمەندی پرۆژەی +SUID
– سوودمەندان: تەنها هەڵگرانی ناسنامەی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، سوود لەم پرۆژە وەردەگرن، لەگەڵ كەسی یەكی خاوەن ناسنامە.
_ میكانیزمی جێبەجێكردن: زانكۆ ڕێكەوتی فەرمی لەگەڵ لایەنی دووەم واژوو دەكات (لایەنەكانی تەندروستی و ئەوانی تر) و تیایدا بڕی داشكاندن دیاری دەكرێت، بە بڕی جیاواز.
_ پرۆژەی بێقازانج: زانكۆ هیچ قازانجێكی دارایی لە لایەنی دووەم وەرناگرێت، تەنها خزمەتكردنە بە كۆمەڵگەی زانكۆ.
_ دیجیتاڵكردن: پرۆژەكە دەكرێتە دیجیتاڵی بۆ ئاسان بە كارهێنان و پشتڕاستكردنەوەی ناسنامە.
_ چاودێری و دڵنیایی لە كواڵێتی: زانكۆ بە شێوەی بەردەوام چاودێری دەكات، بۆ دڵنیایی لەوەی هەموو هاوبەشەكان پابەندن بە بەڵێنەكەیانەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن وەك بەڵێننامە.

