رۆژنامەی ھەولێر

پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەپێدان بە حکوومەتی عەلی زەیدی کۆدەبێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەپێدان بە حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کۆببێتەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیێنێت، ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێو ماڵی شیعە و سوننە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، مافەکانی ھەرێمی کوردستان لە کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراقدا جێگیر کراون، بەتایبەت پرسی یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور.

بەپێی ئەو خشتەی کارەی بڵاوکراوەتەوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی عەلی زەیدی، کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. گەورەترین بەربەست لەبەردەم حکوومەتەکەی زەیدی پرسی گرووپە چەکدارەکانە، مەرجی ئەمریکا بۆ حکوومەتی نوێ، کۆتاییھێنانە بە گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لایەنە شیعەکان یاری بە کات دەکەن و داوای مۆڵەت دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ئەوەش گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم پەسەندکردنی حکوومەتەکە بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، چونکە ئەمریکا بە ڕاشکاوی بە ھەموو لایەنەکانی گوتووە مەرجی سەرەکی بۆ پاڵپشتی حکوومەتی نوێی عێراق کۆتاییھاتنی گرووپە چەکدارەکانە.
لە ماوەی ڕابردوودا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر پۆستەکان دروست بوو، بەتایبەتی لە نێوان دەوڵەتی یاسا و ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش وای کرد پرۆسەی متمانەدان بە کابینەکە ببێتە دوو بەش و بەشێکیان دوابخرێن.
ناکۆکییەکان تەنیا لەنێو ماڵی شیعەدا نین، بەڵکو لایەنە سوننەکانیش لەسەر ناوی بەربژێرەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. سوننەکان بۆ وەزارەتەکانی بەرگری، پەروەردە، پیشەسازی و پلاندانان چەندین ناویان پێشکەش کردووە، بەڵام ھێشتا لەنێو خۆیاندا کێشەیان ماوە و بە جیا ناوی بەربژێرەکانیان ناردووە.
تا ئەو کاتەی لەناو پەرلەمانەوە دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەت نەدرێت، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشت بۆ سعوودیە بکەن، ھۆکاری سەرەکیی دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بڕیار بوو ئەمساڵ دەیان پەرلەمانتاری عێراقی بۆ فەریزەی حەج سەردانی سعوودیە بکەن، ڕۆیشتنی ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر تێکچوونی نیسابی یاسایی کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی پەرلەمان دروست دەکرد، لەڕووی یاساییشەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ٤٨ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی ھەر کۆبوونەوەیەک، کارنامەی کۆبوونەوەکە ڕابگەیەنرێت و پەرلەمانتاران بە فەرمی ئاگادار بکرێنەوە.
ڕۆژی ٢٧ـی نیسانی ڕابردوو، عەلی زەیدی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ڕاسپێردرا. بەپێی دەقە دەستوورییەکان، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێکھاتەی حکوومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و زۆرینەی دەنگ بەدەست بھێنێت. بەم پێیەش، ڕۆژی ٢٧ـی ئایار دواین مۆڵەتی دەستوورییە بۆ تێپەڕاندنی کابینەکە، ئەمەش وای کردووە فشارەکان بۆ خێراکردنی پرۆسەکە بگەنە لوتکە، پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەپێی بنەمای پشکپشکێنە و ڕێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوەدەچێت و زۆرجار ڕووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و نزیکەی ٦ وەزارەت دوادەخرێت، چونکە بەھۆی ڕێکنەکەوتنی کۆتایی لەسەر بەربژێرەکانیان، بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پۆستی جێگرەکان بۆ دوای پشووی یاسایی پەرلەمان دوادەخرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە عەلی زەیدی تاوەکو لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە تەواو بکات کە ھێشتا ناڕەزایەتییان ھەیە یان ناوی بەربژێرەکانیان بە فەرمی پێشکێش نەکردووە. عێراقییەکان داوا دەکەن، کۆتایی بەو بۆشاییە سیاسی و کارگێڕییە بێت کە ماوەیەکە باڵی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا کێشاوە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ڕاگەیاند، دوای پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵ، زەیدی سەردانی ھەولێر دەکاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی شەممە، ٢ـی ئایاری ٢٠٢٦، بۆ جاری یەکەم، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێ کرا.
زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حزبی کۆبووەوە. زەیدی ڕایگەیاند، دەیەوێت لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەشدارییەکی کارایان لە کابینەی داھاتوودا ھەبێت.
سەلوان تەھا ئاکرەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، فراکسیۆنی پارتی بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدراڵ دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە، ڕوونیشی کردەوە، کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ٢١ وەزارەتە، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانیش بە وەزیری ھەژمار دەکرێت یان پۆستێکی سەربەخۆ دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: نێوەرۆکی ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ چوارچێوەی ھاوئاھەنگی لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەییەکان داڕێژراوە، چونکە چ لە ڕابردوو و چ لە داھاتووشدا پارتی ڕێگەی بە سیاسەتی دووژمنکارانە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان نەداوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: کارنامەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی بە عەقڵییەتێکی ناوەندی نووسرابوو و چەندین دەستەواژەی نادەستووریی تێدابوو، پارتی چەندین خاڵی بۆ کارنامەکە زیاد کردووە، توانیومانە یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و ماددەی ١٤٠ بۆ کارنامەی کابینەکە زیادبکەین و خاڵەکانیش وەک خاڵ و تێبینیی پەرلەمان بۆ کابینەکە زیادکراون، تاوەکو ئەو خاڵانە زیادبکرێن و دواتر بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردنی، بەدڵنیاییەوە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کار بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.