ڕائیب جادر – هەولێر
کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی ھەولێر بەرەو کۆتاییە، بەرپرسانی ئاویش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، بە تەواوبوونی ١٠٠% وێستگەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا ھەولێر بەرەو سەقامگیریی ئاو ھەنگاوێکی مەزن دەنێت و کۆتایی بەو گرفتانە دێنێت کە وەرزی گەرما ڕووبەڕووی ھاووڵاتییان دەبوونەوە.
لە ٨/٩/٢٠٢٤، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر دانرا. پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار، لە ماوەی کەمتر لە ٥٥٠ ڕۆژ جێبەجێ کرا، کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر بە ڕێژەی ١٠٠% چارەسەر بوو.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر، لە ڕۆژێکدا ٤٨٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ ھەر کاتژمێرێک ٢١ ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەنێرێت.
پڕۆژەکە بە چوار ھێڵی سەرەکی لە نێوان گەڕەکەکانی نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری جێبەجێ دەکرێت، کە گەڕەکەکانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەکان و ھەریەک لە گەڕەکەکانی دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.
پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەکە لە زێی گەورە دەست پێ دەکات، پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەکە و فلتەرکردن و کلۆرکردنی ئاوەکە، بە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر بە ڕێژەی ١٠٠% کارەکانی جێبەجێ کراون، ئەم پڕۆژە ستراتیجییە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ پایتەخت ھەژمار دەکرێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوی بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەم ھەنگاوە تەنیا دروستکردنی وێستگەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ژێرخانیی گەورەیە کە بریتییە لە بەستنەوەی ھەرسێ وێستگەی فریاگوزاریی ئاو بە تۆڕە سەرەکییەکانی ناو شاری ھەولێرەوە، ئەمەش گەرەنتی گەیشتنی ئاو بە ڕێژەیەکی جێگیر بۆ گەڕەکەکان دەکات.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: لەڕێگەی بەستنەوەی ھێڵە سەرەکییەکان بە تۆڕەکانی ناو شار، کێشەی کەمئاوی لە زۆر لە ناوچەکان بە یەکجاری چارەسەر دەبێت و دۆخی دابەشکردنی ئاو دەچێتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی کۆتاھێنان بەو گرفتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو لە وەرزی گەرمادا، ڕووبەڕووی ھاووڵاتییان دەبووەوە.

