رۆژنامەی ھەولێر

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ وەرگرتنی قۆناغی 2ی پاڵپشتییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شاری کۆیە، ڕانیە و قەڵادزێ واژۆ کرا

بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی MSFی بەلجیکی لە عێراق، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ وەرگرتنی قۆناغی 2ی پاڵپشتییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شاری کۆیە، ڕانیە و قەڵادزێ واژوو کرا. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پتەوکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە بەشەکانی فریاکەوتن و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای کارمەندان و سیستەمی فریاگوزاری لەو ناوچانەدا دێت.

بەپێی ئەم یاداشتنامەیە، ڕێکخراوی MSFی بەلجیکی هەڵدەستێت بە دابینکردنی بڕی پێویست لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکی و نەشتەرگەرییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی سەنتەری شارەکان. پڕۆژەکە جەخت لەسەر ڕاهێنانی تیمە پزیشکییەکان و پەرەپێدانی بەشەکانی فریاکەوتن دەکاتەوە، کە بە شێوەیەکی خێرخوازی جێبەجێ دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر قۆناغی 1ی ئەم پڕۆژەیە بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشخانەکانی دەڤەری سۆران و سیدەکان جێبەجێ کراوە و سوودێکی زۆری بە کەرتی تەندروستی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
لە کاتی واژووکردنی یاداشتنامەکەدا، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی شانەی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوی MSF کرد بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پاڵپشتییە مرۆییەکانیان بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. وەزیری تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هەماهەنگییانە دەبنە هۆی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر نەخۆشخانەکانی سەنتەری شارەکان، بەتایبەت لە کاتی ڕووداوە لەناکاوەکاندا.