رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی قوتابیان ڕاگەیاند

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ 14ی 6ی 2026 دواخراوە و چەند ئاسانکارییەکی نوێش بۆ قوتابیان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەننە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشتر بڕیاربوو تاقیکردنەوەکان لە 4ی 6 دەستپێبکەن، بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوچەکە و زۆریی ڕۆژانی پشوو، بڕیاردرا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، بەوەش یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکان دەبێتە 14ی 6ی 2026.

گرنگترین گۆڕانکاری و بڕیارەکان:

– تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە 14ـی 6 دەست پێ دەکەن.

– دەسەڵات دراوەتە قوتابخانەکان کە تاوەکو 4ـی 5 تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم کۆتایی پێبهێنن و نمرەکان داخڵ بکەن.

– ماوەی خۆئامادەکردن و پێداچوونەوەی وانەکان بۆ قوتابیانی پۆلی 12 لە 25 ڕۆژەوە بۆ 40 ڕۆژ زیادکرا.

– لە خولی یەکەمدا، لە جیاتی دوو ڕۆژ جارێک، تاقیکردنەوەکان دەبنە هەفتەی دوو تاقیکردنەوە.

– تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە جیاتی هەموو ڕۆژێک، دەبنە دوو ڕۆژ جارێک.

– هەر قوتابییەک دەتوانێت وەڵامە نموونەییەکان و نمرەکانی خۆی بە شێوەی ئۆنلاین ببینێتەوە.

­وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی لەسەر قوتابیان و خێزانەکانیان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ پرۆسەی تاقیکردنەوەکان.