گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لێدوانێكی لەبارەی پڕۆسەی دادگاییكردنی گیراوانی لالەزاری شاری سلێمانی دا و تێیدا جەختی كردەوە كە پێویستە كەیسەكە دوور لە هەموو دەستوەردان و فشارێک و هەروەها بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی بەڕێوە بچێت.
دلشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەكەدا رایگەیاند: سەبارەت بە گواستنەوەی كەیسی ئەم گیراوانە لە دادگایەكەوە بۆ دادگایەكی دیكە، پرسێکی تەواو دادوهرييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.
دلشاد شەهاب هەروەها جەختی كردۆتەوە: سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
دەقی لێدوانی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:-
ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جه‌نابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگایی‌کردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.
لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لايه‌ك ڕوونی بکەینەوە، دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکرا، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرس و ڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره که به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوهرييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانه‌وه، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆي‌دا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.
له کۆتاییدا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری

