رۆژنامەی ھەولێر

قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەواو دەبێت

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر وەک یەکێک لە ستراتیجیترین پرۆژەکانی پایتەخت، داهاتوویەکی گەشتر و ژینگەیی بۆ شارەکە دەستەبەر دەکات.

ئەم پرۆژە گەورە کە بە درێژیی 78 کیلۆمەتر و بە پانتایی 2 کیلۆمەتر بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، بڕیارە 7 ملیۆن داری بەرهەمهێنی وەک (زەیتوون، فستەق و پرتەقاڵ)ی تێدا بچێنرێت، کە ئەمەش نەک تەنها سیمایەکی جوان بە شارەکە دەبەخشێت، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوورییش.

چەند مانگێک لەمەوبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی دانا، ئەمڕۆش ئەو قۆناغە لە کۆتاییەکانی نزیک بووەتەوە.

ئامارەکانی قۆناغی یەکەم بریتین لە:
* داچاندنی ڕووبەری 4200 دۆنم زەوی.
* تێچووی پڕۆژەکە: 6.2 ملیۆن دۆلار.
* چاندنی نزیکەی 700 هەزار نەمام.
* دابینکردنی هەلی کار و کارکردنی ڕۆژانەی 230 کرێکار و 30 ئەندازیار.


بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، دەستبەجێ قۆناغی دووەم دەست پێ بکات کە ڕووبەری 11 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە. بەگشتی تەواوی پرۆژەکە لە ڕێگەی 8 قۆناغی جیاوازەوە جێبەجێ دەکرێت تا گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکە.


ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پرۆژەیە ڕەهەندی تەندروستی و ژینگەیی گرنگیان هەیە، لەوانە:
1. کەمکردنەوەی پلەکانی گەرمیی ناو شار.
2. باشترکردنی کوالیتیی هەوا و پاراستنی تەندروستیی گشتی.
3. پاراستنی ژینگە و پشتیوانیکردنی کەرتی ئابووریی ناوخۆیی.

لە ڕووی زانستییەوە، ئەم پشتێنە سەوزاییە کاریگەرییەکی بێوێنەی دەبێت، چونکە توانای هەیە ساڵانە بڕی 140,000 تا 210,000 تۆن لە گازی زیانبەخشی دوانۆکسیدی کاربۆن (CO2) کەم بکاتەوە، ئەمەش هەولێر دەخاتە ڕیزی ئەو شارانەی کە بە کردەیی کار بۆ پاراستنی سروشت و زەوی دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری