رۆژنامەی ھەولێر

ڕێبەر ئەحمەد: سەفقەکانی هۆتێل ڕەشید بۆ کەرکووک ڕەتدەکەینەوە و هەرێمیش ناکەینە گۆڕەپانی شەڕ

رێبەر ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە نوێترین لێدوانیدا بۆ میدیاکان، هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر ئایندەی سیاسیی کەرکووک و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی کەرکووک دەبێت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەسەر بنەمای شەرعییەت و ئیرادەی خەڵکی شارەکە پێکبهێنرێت. ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لەو ڕێککەوتنانە گرت کە لە دەرەوەی شارەکە و لە “هۆتێل ڕەشید”-ی بەغدا ئەنجام دەدرێن و گوتی: “ئێمە وەک پارتی هەر جۆرە سەفقەیەکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بێت ڕەتدەکەینەوە و بەشداریی تێدا ناکەین.”

رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی شارەکە لە (کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحی) بەپێی قەبارەی خۆیان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ڕۆڵیان لە ئیدارەی شارەکەدا هەبێت، نەک لایەنێک بە تەنیا و لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە ئیرادەی خۆی بسەپێنێت.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی باسی لە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی شەڕ. ئەو هێرشانە زیانی گیانی و ماددی زۆریان بە هاووڵاتییانی هەرێم گەیاندووە و پێویستە ڕابگیرێن.”