رۆژنامەی ھەولێر

نزیکەی 736 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی “هەژماری من”ـــەوە مووچەکانیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت نزیکەی 736 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشینی، پێشمەرگە و ئاسایش و خانەوادەی شەهیدان مووچەی مانگی سێ بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.

تا ئێستا، زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە لە چوارچێوەی پرۆژەکە نزیکەی 572 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.
پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.