رۆژنامەی ھەولێر

فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێنەوە

لە 28ی شوباتی رابردووەوە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەکی کەوت، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی گەشتەکانیان ڕێکبخەنەوە و پیسوازیی لە گەشتیاران بکەن.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، لەمڕۆوە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکرێنەوە و ئاسمانی وڵات بە رووی هاتوچۆی فڕۆکەکاندا ئاسایی دەبێتەوە و لای خۆیشییەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ فڕۆکەخانەی هەولێر بە شێوەیەکی تەواوەتی ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی گەشتەکان. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاری و رێکخستنی وردەکاریی گەشتەکانی هاتن و چوونن بۆ وڵاتانی دیکە و لە نزیکترین کاتدا لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، پێشوازی و بەڕێکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکاتەوە.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت، هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران بڕیاری ئاگربەستیان پەسەند کردووە و بڕیارە هێرشەکان بە تەواوی ڕابگیرێن، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان زەرەر و زیانی گەورەی بە داهاتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیش گەیاند و بەو هۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش توشی کورتهێنانی زۆربوو لە کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی.