ڕائیب جادر – هەولێر
پارێزگاری دھۆک، ئاشکرای کرد، ھەموو ئەو پڕۆژانەی ڕاگیراون تەواو دەکرێن.دەشڵێ: کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە لە بواری ڕێگەوبان دروست دەکرێن، کارکردن لە کوڕنیشی شێلادزێ بەردەوامە، ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە ئەمساڵ تەواو دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران و ھاووڵاتییانی ناوچەکە.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بە یاوەری شاندێک سەردانی قەزای ئامێدی کرد، لەو سەردانەدا ھەر دوو ناحیەی دێرەلووک و شێلادزێی بەسەر کردەوە، ھەروەھا بەدواداچوونی بۆ کۆڕنیشی شێلادزێ کرد و گوێی لە داواکاری ھاووڵاتییانی ناوچەکە گرت.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی کوڕنیشی شێلادزێ بەباشی بەڕێوەدەچن، ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە لەم ھاوینەدا دەکەوێتە خزمەت خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران، ھەروەھا داوامان کردووە ئەو بەری ڕووباری شین چاک بکرێت بۆ تەواوکردنی کوڕنیشەکە، تاکو شتێکی جوانی لێ دروست بکرێت، ئەوەش وا دەکات دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە ببەخشێت، لە ھەمان کاتیشدا ھەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت.
سەبارەت بەو پڕۆژانەی ڕاگیراون، پارێزگاری دھۆک، گوتی: دەست بە دروستکردنی ئەو پڕۆژانە دەکرێتەوە کە لە ئەنجامی باران بارین و ھاتنی وەرزی زستان ڕاگیراون.
دەربارەی تەواوکردنی ڕێگەی سنووری ڕێکان، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئاشکرای کرد: ھەنگاوی باش نراوە بۆ دروستکردنی ڕێگەی نێوان سیدان ھەتا دەچێتە چەمێ، کاریش تێدا کراوە، چونکە چەمێ خاڵێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی ڕێگەی گوندەکانی دیکەی ناوچەکە، ھەروەھا بۆ سنووری ڕێکان و دۆسکی سەروو، ھەتا دەسووڕێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەوانە بۆ مزووری باڵا و جارێکی دیکە بە پارێزگای ھەولێر دەبەسترێتەوە، ھەتا داوامان کردووە ئەو ڕێگەیە بە سنووری کانی ماسێ ببەسترێتەوە.

