رۆژنامەی ھەولێر

پارتی: دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەت

لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا، د. شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چل و شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، مێژوو شایەتی توندترین و دڕندانەترین شاڵاوی ڕەگەزپەرستی بوو دژ بە پێکهاتەیەکی ڕەسەن و زیندووی گەلەکەمان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تاوانە تەنها چیرۆکێکی غەمناک نییە، بەڵکو برینێکی ساڕێژنەبووی جەستەی نیشتمان و گەواهیدەری ئەو قوربانییە مەزنانەیە کە ئەم توێژە تێکۆشەرە لەپێناو ناسنامەی نەتەوەیی و کەرامەتی مرۆیی خۆیاندا بەخشییان. وتیشی: “ئەو زوڵمە ڕێکخراوەی بەرامبەر خوشک و برا فەیلییەکانمان کرا، لە بێسەروشوێنکردنی هەزاران گەنج و زەوتکردنی ماڵ و سامان، هەوڵێکی نەزۆک بوو بۆ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیەک کە هەمیشە وەک چیاکانی کوردستان سەربەرز و خۆڕاگر بوون.”

د. شاخەوان عەبدوڵا جەختی کردەوە، کە ویژدانی مرۆیی و یاسایی ئارام ناگرێت تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عێراق بە کردەیی تەواوی ئاسەوارە شوومەکانی ئەو تاوانە دەسڕێتەوە. ڕاشیگەیاند، پێویستە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی و گێڕانەوەی ناسنامە و مافە زەوتکراوەکانیان، ببێتە کارە لەپێشینەکان و چیتر لەژێر تەمومژی بیرۆکراسیدا وون نەکرێن، چونکە دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ سەلماندنی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ لە عێراقدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی نارد و ڕایگەیاند، شکۆ و نەمری بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە، وەک ناسنامەیەکی ڕەسەنی کوردستان بە زیندوویی مانەوە.