ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دیلان یەشیلکۆژ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان شەرمەزار کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر گرژی و شەر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی.
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ستایشی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە کرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان شانشینی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری دەربڕی.

