رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت

ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیڤێت کووپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، خاتوو كووپه‌ر بە توندی هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و هێرشه‌ درۆنییه‌كەی دوێنێى سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سه‌ركۆنه‌ كرد، هەروەها هاوخه‌مى و هاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بريندار بوون.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا هه‌روه‌ها جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی خاتوو کووپەر و پشتگیری و هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز به‌شێك نه‌بووه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ جه‌نگ.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جيهانه‌وه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە