ڕۆژی یەکشەممە 29ی 3ی 2026، دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی دەستپێدەکاتەوە، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە:
1- هەر بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەهاتن – غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت (کە لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی پێ دەدرێت). تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بەگوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و وەزارەت ، لە قوتابخانە ئامادە بێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەخێوکاری قوتابی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. هەروەها مامۆستایان لە ڕێگەی گرووپی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو قوتابیانەی کە خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.
2- قوتابیانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەخێوکارەکانیان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان بنێرنەوە قوتابخانە، پێویستە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە بە ڕێگەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی یان هەر ڕێگەیەکی دیکە خوێندنیان بۆ فەراهەم بکات و تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا پێویستە لە قوتابخانە ئامادە بن.
3- قوتابخانە بیانییەکان دەتوانن بە هەمان شێوە سوود لە خاڵی (2) وەربگرن، یان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکەیان.
4- بە مەبەستی دڵنیایی بە قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی و 9ی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە، ئاگاداریان دەکەینەوە کە وەزارەت سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانیان ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەکاتەوە.
🔴 لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 12ی ئامادەیی (قوتابخانەی حکومی و ناحکومی) دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) کە لە ئێستادا کارایە:
https://ewane.krd
🔵 لە پۆلی 1 تا 6ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی کارلێکارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم) ئێستا کارایە بۆ قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان:
https://qutabxanekem.krd
وەزارەتی پەروەردە
27ی 3ی 2026

