رۆژنامەی ھەولێر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆك بارزانی و تۆم باراك

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، تۆم باراك وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات. ئاماژەشی بەوە دا كە بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت. هەروەها تۆم باراك جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمەریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینۆسایدەی بەرامبەر گەلی كوردستان كراوە و هێمای بەوە دا كە گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن.

لەبارەی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش ڕەچاو بكرێت.

سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی بابەتی سەرۆك كۆماریش، سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە، پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆك كۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت.

سەبارەت بە بابەتی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق ڕاشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆك وەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.

پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.