كارزان گلی – ههولێر
ئافیشێكی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بە زمانی كوردی و توركمانی نووسراوە، بووەتە جێی بایەخی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی و دەڵێن لە سای دەسەڵاتی پارتی و (سەرۆك مەسعود بارزانی)ـیەوە، توركمانەكان بە زمانی خۆیان دەخوێنن، کەچی بە درێژای مێژووی عێراق، زمانی توركمانی لەژێر فشارێكی گەورەدا بووە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی، سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و راپۆرت و هەواڵەكانی رەخنەگرانەیە و تیراژی رۆژنامەكە رۆژانە ٣٧هەزار و ٤١٢ دانەیە، لە راپۆرتێكدا گرنگییەكی زۆری بەو ئافیشە داوە و بەو شێوەیە باسی كردووە، لە سای پارتییەوە رێز لە زمان و نەتەوەی توركمان دەگیرێت.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، لە شەقامێكی سەرەكی هەولێردا، ئافیشێكی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵواسراوە، لەوێدا بە زمانی توركمانیش دروشمی ئەو پارتەی تێدا نووسراوە.
لەم كاتەدا، رۆژنامەی (جومهوریەت) ئەم راپۆرتەی بڵاو كردووەتەوە، گرنگییەكی تایبەتی هەیە و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەیەوێت بڵێت، لە هەرێمی كوردستاندا، زمانی توركمانی گرنگیی پێ دەدرێت و توركمانەكان دەتوانن بەزمانی دایك بخوێنن، لەكاتێكدا لە توركیا رێگە نادرێت، كورد بە زمانی خۆی بخونێت و، تورکیا، ٢٥ملیۆن كوردیشی لێ هەیە.
جومهوریەت، لە راپۆرتەكەدا بۆچوونی بەرپرسێكی پارتی بزوتنەوەی چاكسازی توركمانی وەرگرتووە و بەگرنگەوە لەو ئافیشە دەڕوانن، بەڵام داوا دەكەن، لە هەموو شارەكانی عێراق لە ئافیشەكانی هەڵبژاردن، گرنگی بە زمانی توركمانیش بدەن.
مونا قاوەچی، پەرلەمانتاری پێشووتری پارتی چاكسازی توركمانی، لەوڕووەوە قسەی بۆ (جومهوریەت) كردووە و دەڵێ: ”بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە هەوڵەكانی بۆ برایەتی و پێكەوەیی و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بووە. كاتێك ئافیش بەزمانی توركمانیش دەنووسن، بەومانایە دێت، وەكوو برا سەیری توركمان دەكەن و مافیشیان دەپارێزن و پاراستویانە.“
لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێك لە ٥١ پەرلەمانتارەكانی پارتە سیاسییەكان پێك هێنراوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە. دەم پارتی و پارتەكانی تری كوردی باكووری كوردستان، داوا دەكەن لە دەستووردا زمانی كوردی بە فەرمی بناسرێنرێت و نەتەوەی كوردیش دانی پێدا بنرێت، بۆیە كاتێك میدیاكانی توركیا، بەگرنگەوە باس لەو ئافیشەی پارتی دەكەن، بەوەی گرنگی بەزمانی توركمانی داوە، پاڵپشتییەكی باشە تا كورد لە توركیا باشتر داوای مافی خۆیان بكەن و نموونەی گرنگیدانی هەرێمی كوردستان بەزمانی توركمانی دەم پارتییەكان بەهێزتر دەكات بۆ داواكردنی مافی كورد.

