ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی حوزەیران، بەپێی ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) و وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لە درێژەی هەڵمەتەکانی چاودێریکردن و بەدواداچووندا، پشکنین بۆ چەندین نۆرینگە و سەنتەری پزیشکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدراوە و لە کاتی پشکنیندا دەستیان بەسەر بڕێک دەرمانی میری و قاچاخدا گرتووە کە لەو نۆرینگەیەدا مامەڵەیان پێوە کراوە.
لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، دەرکەوتووە کە نۆرینگەی (شیفا) لە قەزای ناوەندیی سۆران، جگە لە مامەڵەکردن بە دەرمانی قاچاخ، دەرمانی میری (MOH)ی فرۆشتووەتەوە کە دابەشکردن و فرۆشتنەوەی لە دەرەوەی دامەزراوە تەندروستییەکانی حکوومەت قەدەغەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ دەستبەسەر دەرمانە نایاساییەکاندا گیراوە و خاوەنی نۆرینگەکەش بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی و وەرگرتنی رێکاری پێویست، رەوانەی دادگا کراوە.

