رۆژنامەی ھەولێر

لە یەک کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سێکتەری ئاو، بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و پڕۆژەکە گرفتی کەم ئاوی دانیشتووانی سەنتەری شاری ئاکرێ و ٢٠ گوند و کۆمەڵگەی دەوروبەر بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ چارە دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار درا پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە ئاکرێ جێبەجێ بکرێت، ئەویش بەناوی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ -بێخمە ئامانج لە پڕۆژەکە گەیاندنی ئاوە لە زێی گەورە بۆ سەنتەری قەزای ئاکرێ و ٢٠ گوندی سنوورەکە، لە ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغە بۆ پڕۆژەکە دانرا، بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، بەڵام لەبەر ھەندێک کێشە کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرت پڕۆژەکە تەواو نەکرا، کاتێک کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەردانی ئاکرێی کرد بڕیاری دا ھەر چی زووە پڕۆژەکە تەواو بکرێت، تا قەیرانی کەم ئاوی لە ناوچەکە چارەسەر بێت، بۆیە ١٠٩ ملیاری دیکە لەلایەن کابینەی نۆیەم بۆ کۆمپانیاکە خەرج کرا بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، ئێستا کار لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت، بە تەواوبوونی لە یەک کاتژمێردا توانای بەرھەمھێنانی ٣ ھەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دەبێت، لەگەڵ تەواو بوونی پڕۆژەکە بۆ ماوەی دەیان ساڵ کێشەی کەم ئاوی لە شارەکە نامێنێت.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی دەکڕێت.
لە ئاکرێ و ٢٨٩ گوندی دەوروبەری بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترێت، ئەو پڕۆژەیە کە لەسەر زێی گەورە جێبەجێ دەکرێت، دەتوانێت تا ٢٥ ساڵ ڕۆژانە ٤٢٠ لیتر ئاو بۆ ھەر تاکێک دابین بکات، بەمەش چیدی دانیشتووانی ئەو گوندانەی کێشەی ئاویان ھەیە، پێویستیان بەوە نابێت ماوەیەکی زۆر ببڕن بۆ دابینکردنی ئاو.
ساڵح کەریم، ھاووڵاتییەکی ئاکرێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ئاکرێ ھەر چوار وەرزی ساڵ کێشەی کەمی ئاومان ھەیە، ساڵانە بە دەیان تانکەر ئاو دەکڕین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پڕۆژەی ئاوی قەندیل کە چەندین ساڵە کار لەسەر دەکرێت تەواو بکەن، بۆ ئەوەی لە کێشەی کەم ئاوی ڕزگار بین.
نزار سەمیر، ھاووڵاتییەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” باس لە کەمی ئاو لە ئاکرێ دەکات و دەڵێ: ھەر ڕۆژێک نا ڕۆژێک کەمتر لە کاتژمێرێک ئاومان بۆ دێت، ئەوەی کە دێت زۆر کەمە و بەشی ھیچ ناکات، ھەندێک جار ھەبووە ٥ ڕۆژ ئاومان بۆ نەھاتووە، بۆیە ناچارین بۆ دابین کردنی ئاو بە تانکە ئاو بکڕین، ھەندێک جاریش ھەبووە تانکەرمان بە دەست نەکەوتووە و ھەفتەیەک بێ ئاو بووینە، ئێستا وەرزی ھاوینە و زیاتر لە ھەموو وەرزەکانی دیکە پێویستمان بە ئاو ھەیە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کێشەی کەمی ئاو لە شارەکە چارەسەر بکەن و ئەو پڕۆژە گرنگەی کە سەرۆکی حکوومەت زۆر تەئکیدی لێ دەکاتەوە لە ماوەیەکی زوودا تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە. بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە، پڕۆژەی ئاوی قەندیل پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت، زۆر پێویست و گرنگە بۆ ئاکرێ و دەوروبەری، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە و تا ئێستا ٦٢% کارەکانی تەواو بووە. ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پاش چوونی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئاکرێ خێراتر کار لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، دەشڵێ: لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما خواست لەسەر بەکارھێنانی ئاو زیاد بووە، ھەوڵمان داوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان ھەرچی زووە تەواو بکەین کە یەکێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی ئاوی ئاکرێیە، ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە ساڵی داھاتوو پڕۆژەکە دەکەوێتە کار و ئاکرێ و دەوروبەری بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە کەم ئاوی ڕزگار دەبن.