16ـی ئادار لە عێراق کرایە پشووی فەرمی

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، پەرلەمانی عێراق رۆژی بۆردومانی هەڵەبجە (16ـی 3)ـی کرد بە پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵات.

رۆژی چوارشەممە (22ـی ئایاری 2024) نەهرۆ رواندزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش دەنگدان بوو لەسەر پشووە فەرمییەکان، هاوکات ڕۆژی بۆردومانی هەڵەبجە (16ـی ئادار)ـی لە سەرانسەری وڵات کرایە پشووی فەرمی.

هەروەها پەرلەمانی عێراق خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بەست و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ شەش مانگ درێژ کردەوە.

بەگوێرەی یاسا، 7ـی تەممووزی ئەمساڵ، تەمەنی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێ دەهات، بەڵام بەر لەو کاتە پەرلەمانی عێراق تەمەنی کۆمیسیۆنەکەی درێژ کردەوە.

هەر ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، پشووی ڕۆژی غەدیر دەنگی لەسەردرا بەفەرمی کەوتە لیستی پشووە فەرمییەکانی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیە نوێنەرانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەو پرسە مشتومڕاوییەی نێوان مەزهەبەکانیان لە عێراق وروژاندووە، کە دوایینیان داوایان لە دادگای لێکۆڵینەوە کردووە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکانی مێژووی ئیسلامی، هەروەها گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن لەسەر بنەمای “گێڕانەوە” کە تایبەتە بە یەک مەزهەبەوە.

ھەواڵی زیاتر