هەولێر.. کێشەی کۆبوونەوەی ئاو چارە دەکرێت

فەرمانگە پەیوەندارەكانی هەولێر ڕاسپێردران دەرخستەیەك بۆ چارەكردنی گرفتی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە ئامادە بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممە، 16-05-2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە چارەسەرکردنى ئەو شوێن و جێگایانەى كە لە سەنتەرى شارى هەولێر و دەوروبەری لە کاتى باراندا گرفتى پەنگخواردنەوەى ئاویان بۆ دروست دەبێت، بەڕێوەچوو.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسى پاڵپشتی و پشتیوانی ڕاستەوخۆى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کرا بۆ سەرجەم ئەو پلان، بەرنامە، پڕۆژە و ڕێگه‌چارەسەریی پێویستییانەى لە ماوەى ڕابردوودا لە سنووری پارێزگاى هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و هۆکارەکانى گیرایەبەر و بەهۆیانەوە لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکى زۆرى بارانبارین لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دابارى، بەڵام تا ئاستێکی زۆر باش مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر کەم بووەوە”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، تیشک خرایە سەر ئەو شوێن و جێگایانەى کە لە سەنتەرى شارى هەولێر و دەوروبەری لە کاتى دابارینى بارانى زۆردا گرفتى پەنگخواردنەوەى ئاویان هەیە و بەهۆیەوە بەشێک لە هاووڵاتییان زیانیان بەردەکەوێت و لە چەند شەقامێکى گشتیش ئاستەنگى هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بەزووترین کاتدا بە دواداچوون و دیراسەیەکى وردى ئەو شوێنانە بکەن و دەرخستەى پێویستییان بۆ ئامادە بکرێت بۆ چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەو گرفتە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە کۆتاییشدا، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرا کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەى مەترسییەکانى ڕوودانى لافاو و زیانەکانى و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى کراوە، دەستخۆشى لە سەرجەم لایەنەکان کرا و جەخت لە هەماهەنگی زیاترى نێوانیان کرایەوە”.