هەولێر و بەغدا هەنگاوی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگرنەبەر

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەردوو لیژنەی یاسایی و ھونەریی وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و نەوتی عێراق لەبارەی کێشەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، شاندێکی ئەمەریکاش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ھەولێر و بەغدا دەکات، بەرپرسانی ئەپیکوریش، پێشوازی لە پێکھێنانی لیژنەی ھاوبەشی ھەولێر و بەغدا دەکەن و دەڵێن، ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زیاتر لە پازدە ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە.

لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا ڕاگیراوە، بەغدا، ھەولێر و ئەنقەرە خەریکی دانووستانن بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، ھاوکات بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیھاندا. ڕۆژی ٤-٤-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕێککەوتنێک ئیمزاکرا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستە دەستی پێنەکردووەتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: دوو لیژنە دروستکراون، لیژنەیەکیان ھونەری و ئەوی دیکەیان یاساییە، کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو دوو لیژنەیە دەکرێت کە نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی تێدایە، نیاز بۆ چارەکردنی ئەو بابەتە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ھەیە.
پێش ئەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕابگیرێت، ڕۆژانە چوار سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرا.
ئەپیکۆر، پێشوازی لە پێکھێنانی لیژنەی ھاوبەشی ھەولێر و بەغدا دەکات، سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، چاوەڕێین بە فەرمی ئاگادار بکرێینەوە تاوەکو ڕۆلمان لە دانوستانەکان ھەبێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەپیکۆردا ھاتووە، زیاتر لە ١٣ مانگە ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق -تورکیا ڕاگیراوە تاوەکو ئێستە پازدە ملیار و پێنج سەد و ھەشتا ملیۆن دۆلار زیان بە داھاتی عێراق کەوتووە. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکور” دەڵێت: سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن ھاندانێک بوو بۆ حکوومەتەکەی بۆ ئەوەی ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەردۆغان و تیمەکەشی زۆر بە پەرۆشن دووبارە ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، تورکیا ھەموو ڕۆژێک سزای ڕاگرتنی نەوت دەخاتە سەر بەغدا کە بڕەکەی ھەشت سەد ھەزار دۆلاری ڕۆژانەیە کە دەبێت بەغدا بیدات، بۆیە بەغدا دەیەوێت ھەنگاوی ئەرێنی بنێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە.
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرای کرد، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کردنەوەی ھێڵی لوولەی گواستنەوەی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و بازاڕی وزەی جیھانیش گرنگە.
ستیڤ لووتس، جەختیشی لەوەکردەوە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکا سەردانی بەغدا و ھەولێر دەکەن و بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گوتیشی: ئێمە بەشێک نین لە دانووستانەکان و دەزانین ئەو بابەتە باس کرا کاتێک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن بوو، بە دڵنیاییەوە کاتێک سوودانیش لە واشنتن بوو بابەتەکە باس کرا.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: تاوەکو ئێستە ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر تێچووی دەرھێنان و بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتوونە و گفتوگۆکان بۆ چارەکردنی کێشەکان بەردەوامن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: لە یاسای بودجەی عێراقدا، شەش دۆلار بۆ دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت لە ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ئەم بڕە پارەیەش زۆر کەمە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش داوایان کردووە ئەو بڕە پارەیە بۆ نزیکەی ٢٦ دۆلار بەرز بکرێتەوە.
وەکو ئەوەی سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، باسی کرد، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا، کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەوڵ بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی زۆر جیددی نییە.