ناوی کوردستان سەرنجی گەشتیاران و هۆگرانی مێژوو و شوێنەوار و زانستی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەرەنجامی توێژینەوەی شوێنەوارناسانی دوو زانکۆی بەریتانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بڵاوبوونەوەی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری و خستنەڕووی وێنەی سەری مرۆڤێکی نیاندرتاڵ کە سەرچاوەی ئێسک و پروسکەکانی ئەشکەوتی شانەدەرە لە هەرێمی کوردستان، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە زانستییەکانی ئەم هەفتەیە.

بەهۆی ئەوەی کە لە دەرەنجامی ڕاپۆرتە زانستییەکە تەنیا باسی کوردستان کراوە، وشەی کوردستان سەرنجی گەشتیاران و هۆگرانی مێژوو و شوێنەوار و زانستی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لە تەواوی وڵاتانی جیهانەوە خەڵک دەخوازن بزانن کوردستانی لانکەی مرۆڤایەتی لەکوێ هەڵکەوتووە، میدیاکان بە تاسەوە باسی دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بایەخەوە باس لەو دۆزینەوە گرنگە دەکرێ و هەمووان بەدوایدا دەگەڕێن.
کەلەسەرەکە نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە ئەمەش تەواوترین و پارێزراوترین کاسەسەری نیاندرتاڵه کە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی دەموچاو و ڕوخسار، سوودی لێ وەرگیراوە.
وێنەی ئەو ژنە نیاندرتاڵە لەسەر بنەمای ئەو پارچە ئێسکانە کێشراوەتەوە کە لە پڕۆسەیەکی زۆر قورس و ورد و درێژخایەندا بە یەکتر لکێندراون، تیمی توێژەر دەڵێ کاتێک پارچە ئێسکەکانیان دۆزیەوە ئەوەندە نەرم ببوون وەک ئەوە وابوو بسکیتێک بخەیتە نێو ئاوەوە و بۆیەش بەر لەوەی کە بیخەنە نێو پڕۆسەی توێژینەوە و لکاندنی پارچەکان بە یەکتر سەرەتا لە پڕۆسەیەکی زانستیدا ئێسکەکان ڕەق کراونەتەوە.
”بی بی سی” فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی تەواوی ئەو پڕۆسە زانستییە بڵاو کردووەتەوە کە لە نێتفلێکس لە ژێر ناوی ”نهێنیی نیاندرتاڵەکان” پەخش دەکرێت و قسە لە جۆرێکی مرۆڤ دەکات کە بەپێی توێژینەوە زانستییە شوێنەوارناسییەکان چل هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون.
ئێما پومروی مامۆستای زانکۆی کمبریج کە وەک پسپۆڕێکی مرۆڤناسی هاوکاری پڕۆژەکەی کردووە دەڵێت ”پێم وایە ئەو وێنەیە یارمەتیمان دەدات تا پێوەندییەک لە نێوان مرۆڤی ئێستە و مرۆڤی ئەو سەردەمە بێتە کایەوە و خزمانی خۆمان بناسین”.
ئەو باس لە دروستکردنی پەیکەر و وێنە و مۆدێلی مرۆڤە نیاندرتاڵەکەی ئەشکەوتی شاندەر دەکات و دەڵێ دروستکردنی ئەو ڕوخسار و شێوەیەیە زۆر جێی سەرنج و بایەخپێدانە و گرنگە توانیویانە کار لەسەر وێنەی کەسێک بکەن کە حەفتا و پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.
ئەشکەوتی شانەدەر تەنیا ئێسک و پرووسکی یەک مرۆڤی نیاندرتاڵی لێ نەدۆزراوەتەوە بەڵکو لانی کەم دە مرۆڤی نیاندرتاڵ کە ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە لە دەیەی پەنجای سەدەی ڕابردووی زایینیدا بۆ یەکەم جار لەو ئەشکەوتە دۆزرانەوە.
ساڵی ٢٠١٥ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی گرووپێک لە شوێنەوارناسانی بەریتانیایان کرد بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و توێژینەوەی نوێ لەبارەی شانەدەرەوە بکەن و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەو تیمە توانی ئێسک و پرووسکی مرۆڤێکی تر بدۆزنەوە کە ناوی ” شانەدەر زێد”یان لێ نا و پارچەکانی ئێسکی سەر و پشت و سەرشانی مرۆڤەکە لەو شوێنە دۆزرانەوە.
شوێنەواری کەلەی سەری ئەم مرۆڤە هەر چەندە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەیەکی بەردی ئەشکەوتەکە لە دێرزەمان زیانی بینیبوو. گریم بارکەر مامۆستای زانکۆی کمبریج، کە ڕێبەرایەتی ئەو توێژینە نوێیەی شانەدەری بەئەستۆ گرتبوو، دەڵێت؛ ئەو کەلەسەرەی دۆزیانەوە لە ڕاستیدا کۆمەڵێک ئێسک بوون کە بە ئەستوریی پیتزایەک پان ببوونەوە.
ئەو ڕوونی کردەوە بۆ ئەوەی ئەو پارچە پانبووانە بکەنە کەلەسەر و هەمان شێوەی ڕاستەقینەی خۆی پێ بدەنەوە کاتێکی زۆری خایاندووە و زۆری پێوە ماندوو بوون، بەڵام چونکە ئەرکەکەیان کارکردن لەگەڵ ڕابردوویەکی دوور بووە، وزە و توانای پێ بەخشیون و بەردەوام بوون.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت؛ دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی شوێنەواری هەرێمی کوردستان پارچەکانیان بۆ بەریتانیا گواستەوە بۆ ئەوەی زۆر بە وردی لە بەریتانیا کاری لەسەر بکەن. بۆ ماوەی یەک ساڵ شوێنەوارناسان کاریان لەسەر ئەو پارچانە کرد و دواجار توانیان کەلەسەرەکەی دروست بکەنەوە و دوو وێنەکێشی بەناوبانگی هۆڵندی بە ناوەکانی ئادری و ئالفونس کنیس کە پسپۆڕییەکی زۆر تایبەتیان لە بوارەکەدا هەیە توانیان وێنەی سێ ڕەهەندی بۆ ئەو پارچە ئێسک و پڕووسکە لکاوانە بکێشنەوە.
گرووپی توێژینەوە زۆر دڵنیایە لەوەی ئەو کەلەسەرە هی مرۆڤێکی نیاندرتاڵە هەر چەندە سەرەتا نەیاندەزانی مرۆڤەکە نێرە یان مێ چونکە لە ڕێی حەوزی مرۆڤەوە دەتوانرێ ئەمە دیاری بکرێت، بەڵام کێشە لەوەدابوو کە حەوزەکەیان نەدۆزیبووەوە و بۆیەش بە پشتبەستن بە پرۆتینەکانی سپێنەی ددان بۆیان دەرکەوتووە ژن بووە، جگە لەمە باڵاشی کورت بووە.
ئەگەری زۆرە ئەو ژنەی دۆزراوەتەوە لەکاتی مردندا تەمەنی لە نێوان چل بۆ پەنجا ساڵ بووبێت و ئەوەش لە ڕێی ددانەوە دەرکەوتووە چونکە تێکچوبوون و پێدەچێت تووشی جۆرێک لە نەخۆشییەکانی پووک و ددان بووبێت.