مزگەوتی گەورەی ئاکرێ، یەکێکە لە مزگەوتە کۆن و بەناوبانگەکانی کوردستان

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

مزگەوتی گەورەی ئاکرێ، یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و دەکەوێتە قەزای ئاکرێ سه‌ربه‌ پارێزگای دھۆک، ئەو مزگەوتە تەمەنی هەزار و ٤٢٤ ساڵە وچەندین تایبەتمەندیی هه‌یه‌ کە جیاوازن لەگەڵ مزگەوتەکانی دیکە. مزگەوتەکە له‌ باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی پێكهاتووه‌، نهۆمی خوارەوەی تایبەتە بە ژنان، نهۆمی سەر زەوی تایبەتە بە پیاوان و نهۆمی یه‌كه‌میشی تایبەتە بە خوێندن و چەندین پۆلی خوێندنی ئایینی له‌خۆده‌گرێت. لەناوەڕاستی مزگەوتەکەدا نافورەیەک هەیە كه‌ بە سەوزایی دەوره‌دراوە، هاوكات چەندین گوڵی جۆراوجۆر لە حەوشەی مزگەوتەکەدا دەبینرێت، لە سەرەوەش منارەیەکی بەرز و گومه‌زێكی گەورەی هەیە کە لە هەرچوارلاوە بەجوانی دەبینرێت.

لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، ئەگەر کەسێک دابمه‌زرایه‌، دەبوو فەرمانی سوڵتانی هەبێت و مووچە و شایستەکانی لە ئیستانبوڵەوە پێدەدرا. ئێستاش هەندێک لە فەرمانەکان ماون. لەم مزگەوتە چەندین مەلا و زانای وڵاتان پێگەیشتوون و ئێستا لە شوێنە جیاجیاکان خزمەتی ئایینی ئیسلام دەکەن .پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی ئاکرێ، مامۆستا مەلا محەمەد ئاکرەیی ئاماژە بە مێژووی درووستکردنی مزگەوتەکە دەکات و دەڵێت:” دوای ئەوەی ئیسلام گەیشتووەتە ئەم ناوچەیە، ئەم مزگەوتە یەکەمین مزگەوتە لە کوردستان لە ساڵی ٢٠ی هیجیری لەسەردەمی عومەر کوڕی خەتاب بە فەرمانی عەبدوڵای کوڕی عومەری خەتاب دروستکراوە، واتا هەزار و ٤٢٤ ساڵ پێش ئێستا، مزگەوتێکی دیکەش لە هەمان ساڵ دروستکراوە کە مزگەوتی خورماڵە، ئەو دوو مزگەوتە کۆنترین مزگەوتن و لەوکاتەوە تا ئێستا خزمەتی دین و کۆمەڵگا ده‌كه‌ن، لەگەڵ مزگەوتەکە قوتابخانەی ئایینی هەبوو، چوونکە پێشتر ئەو قوتابخانانە نەبوون، لەو سەردەمەدا مزگەوت رۆڵی دادگای دەبینی و جێگای چارەسەری کێشەی خەڵک بوو”
مامۆستا مەلا محەمەد ئاکرەیی ئاماژە بە رۆڵی مزگەوتی گەورەی ئاکرێ دەکات لە پێگەیاندنی زانایانی بواری ئیسلام و دەڵێت:” زانایان لە وڵاتانی دەوروبەره‌وه‌ هاتوون و لێرە زانستە شەرعییەکانییان تەواوکردووە، به‌ر له‌ پەنجا ساڵێک قوتابی تورکیامان هەبووە لێرە دەرچووە و ئێستاش زانایە، بۆ نموونە مستەفا هیلالی کە خەڵکی قۆنیایه‌ و من وانه‌م پێی گوتووە، لە وڵاتی ئێرانیش قوتابی هاتووە لێرە خوێندوویەتی”.
لەبارەی قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی مزگەوتی گەورەی ئاکرێ، ئه‌و مامۆستایه‌ دەڵێت: “لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ئەو قوتابخانەیە باوەڕپێکراو بوو، ئەگەر کەسێک دابمه‌زایه‌ دەبوو فەرمانی سوڵتانی هەبێت، ئێستاش هەندێک فەرمانی عوسمانییەکان ماون، بۆ نموونە باپیرە گەورەم کاتێک دامەزراوە فەرمانی بۆ دەرچووە، فەرمانەکە بە زمانی تورکی و رێنووسی عەرەبی نووسراوه‌، هەروەها پاڵپشتی دارایی لە ئیستانبوڵەوە لەلایەن خەلیفە سەدرولئەعزەمه‌وه‌ دەنێردرا”.
مامۆستا مەلا محەمەد ئاکرەیی له‌باره‌ی داننان به‌ مزگه‌وته‌كه‌یان دەڵێ:” دوای درووستبوونی حکوومەتی عێراقیش ئەم مزگەوتە هەر باوەڕپێکراو بوو، تا ساڵی ١٩٩١ کە پەرلەمانی کوردستان دامه‌زرا، ئەوانیش باوەڕیان پێیکرد. قوتابخانەکە سەرەتا قۆناغی سەرەتایی تێدا دەخوێندرا و دواتر بووە ئامادەیی، ئێستا کە قوتابی لە پۆلی شەشی بنه‌ڕه‌تی دەردەچێت، لێرە داخلی قۆناغی ناوەندی دەبێت تا پۆلی ١٢ی ئامادەیی، وانەکانی زانستی ئایین و زانستی ئیسلامیی تێدا دەخوێندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا زانکۆی ئەزهەریش متمانەیان پێبەخشیوە چوونکە کاتی خۆی لە ساڵی ١٩٥٦دا زانایانی ئەزهەر سەردانی ئێرەیان کرد، یەکێک لەوانە حامید سەلیم شەربینی، میوانی باوکم بوو و هەفتەیەک لێرە بوون و سەیری دیراسە و خوێندنیان کرد، کە گەڕانەوە شیعرێکیان بۆ ئەم قوتابخانەیە نووسی کە گوزارشت بوو لە تەرتیبی قوتابخانەکە”.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی ئاکرێ ئەوەش دەخاتەڕوو و دەڵێ:” ئەو قوتابییانەی ساڵانە خوێندنیان لەو مزگەوتە تەواو دەکرد ژمارەیان زۆر بوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە کەمترە و ژمارەی ئەو قوتابییانەی ساڵانە لێرە دەردەچن جیاوازە، ساڵانی پێشووتر ٢٠ بۆ ٢٥ قوتابی بوون، ئەمساڵ ١٣ قوتابی دەرچوون و ئەوانەش دەچنە كۆلێجی شەریعە درێژە بە خوێندن دەدەن”.
دەنگۆیەک هەیە کە پێشووتر ئەم مزگەوتە شوێنی ئاتەشگای زەردەشتییەکان بووە و کراوە بە مزگەوت له‌وباره‌یه‌وه‌، مامۆستا مەلا محەمەد ئاکرەیی رایگه‌یاند: ” ئەم دەنگۆیانە راست نین، ئەم مزگەوتە لە بنەڕەتەوە لەسەر زەوییەکی ئاسایی دروستکراوە، هەروەها کانییەک هەیە کە لەگەڵ دروستکردنی ئەم مزگەوتە ئەم کانییە بەناو مزگەوتەکەدا داهاتووە، بەڵام به‌ر له‌ ٥٠٠ ساڵ کراوە بە شێوازی بۆری و ئێستاش ئەم کانییە بوونی هەیە و ئاوێکی سازگاری هەیە. ئەم مزگەوتە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٦١ وەستایەکی كریستیان لە مووسڵەوە هات و نۆژه‌نی كرده‌وه‌، دواجاریش پێش سێ ساڵ جارێکی دیکە نۆژەنکرایه‌وه‌، لەگەڵ ئەوەشدا تایبەتمەندی ئەم مزگەوتە ئەوەیە کە هەر فەرزێکی نوێژکردن لە هۆڵێک ئەنجام دەدرێت بەپێی ژمارەی ئامادەبووان، هەروەها بۆ نوێژ و گوتاری رۆژانی هەینیش، هۆڵێکی گەورە هەیە چونکە رۆژانی هەینی ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان بۆ نوێژ روو لەم مزگەوتە دەکەن.
مزگەوتەکە لەسەر رووبەری سێ هەزار مەتر لەپاڵ سەدان خانووی دیکە دەکەوێتە دامێنی چیای کەلێ کە یەکێکه‌ لە بەرزترین چیاكانی سنووری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک”.