کونسوڵی فەرەنسا: دەڤەری بارزان دڵی شۆڕشی گەلی کوردە

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەزاری “نەمران”ـی کرد و دەڵێت، “دەڤەری بارزان لانکە و دڵی شۆڕشی گەلی کوردە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-05-2024، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەزاری “نەمران”ـی لە دەڤەری بارزان کرد و لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە پێشوازیی لێ کرا.

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “زۆر دڵخۆش و سەرفەرازم ئەمڕۆ دەرفەتم بۆ ڕەخسا بۆ جاری یەکەم سەردانی دەڤەری بارزانی و مەزاری نەمران بکەم. وەکو نوێنەری حکوومەتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئەم سەردانە بۆ ئێمە زۆر گرنگە بە تایبەت کە فەرەنسا دۆستی دێرینی گەلی کوردە.”

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، “بە ڕای ئێمە وەکو فەرەنسا، دەڤەری بارزان لانکە و دڵی شۆڕشی گەلی کوردە. دەڤەری بارزان لە هەمان کاتدا شوێنی مێژوویەکی دراماتیکی و تراژیدیایە”.

یان برێم لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا پاڵپشتیی گەل و حکوومەتی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کار بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەکەن.

ھەواڵی زیاتر