بۆ جێبەجێکردنى ڕاسپاردەکانى مه‌سرور بارزانی کۆبوونەوەیەکى فراوان له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی ئایاری 2024)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كرد، تێیدا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد، به‌ په‌له‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ پاككردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی 5ـی ئه‌م مانگه‌ ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ بازاڕه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ ‌ و زیانێكی زۆری ماددی به‌ر كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌ كه‌وت.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازىی بارزانى و ژینگە پارێزى، لە بەرامبەر ئەرکەکان و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى قەیسەرى، جەختى لە بە پەلە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بازاڕەکە بە ڕووى هاووڵاتییاندا كرده‌وه‌ و هه‌روه‌ها لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد لیژنەیەکى هونەرى پێک بهێنرێت بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها پارێزگاری هه‌ولێر جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌،‌ لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەى قەیسەرى، پەلە بکات لە ئاشکراکردنى هۆکانی ڕووداوه‌كه‌.

لە تەوه‌رێکى دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتىی شارەوانى، بەرگریی شارستانى، بەڕێوەبەرایەتیی کارەباى هەولێرى دەستکراوە کرد، بۆ هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و هەموو ئەو مەترسیانەی کە دەبنە هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌.

شەوی 5ـی ئایاری رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگای بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشت.

ھەواڵی زیاتر