بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە دهۆک دانرا

بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ناوەندی شاری دهۆک دانرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ژێر چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوەندی شاری دهۆک دانرا.

د. عەلی تەتەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، “بەیانیی ئەمڕۆ بڕیار لەسەر جێبەجێ کردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و سێمێل دراوە. بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنی هەموو ناوچەکانی پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی”.

بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەی پێشتر لە سنووری پارێزگای دهۆک هەبوون، چارە کردوون.

کابینەی نۆیەم لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 40 ملیار دینار؛ زیاتر لە 950 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی ڕێگەوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە لە سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ کردووە. هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار جێبەجێ کراون.

ھەواڵی زیاتر